سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا: ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە دەیکات قبوڵکراو نییە

K24 – هەولێر:
پێدرۆ سانچێژ، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، رایگەیاند، ئەوەی سوپای ئیسرائیل بەناوی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە لەغەززە دەیکات قبوڵکراو نییە و بەڵکو تاوانێکی مرۆییە.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز پێدرۆ سانچێژ، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا ئاماژەی بەوەداوە، هەمیشە جەختیان لەپاراستنی خەڵکی سڤیل لەکەرتی غەززە کردووەتەوە و ئەوەی سوپای ئیسرائیل بەناوی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە لەغەززە دەیکات قبوڵکراو نییە، بەڵکو تاوانی مرۆییە.
پێدرۆ سانچێژ دەڵێت، گومانیان هەیە ئیسرائیل یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەمافەکانی مرۆڤ بەهەند وەربگرێت، ئەگەروابا ژمارەی قوربانییەکانی کەرتی غەززە هێندە زۆر نەدەبوو.
نۆی ئەم مانگە وەزیری مافەکانی مرۆڤی ئیسپانیا داوایکرد، سەرجەم پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل رابگیرێت.
لەلایەن خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئەمڕۆ بانگهێشتکردنەوەی باڵیۆزی ئیسرائیلی لە مەدرید رایگەیاند، ئەمەش دوای لێدوانەکەی پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیاوە هات کە گوتبوی: "ئەوەی سوپای ئیسرائیل بەناوی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە لەغەززە دەیکات قبوڵکراو نییە و بەڵکو تاوانێکی مرۆییە".
ئێلی کۆهین، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاویکردەوە، "بەهۆی لێدوانە شەرمەزارکەرەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، کە جارێکی دیکە تۆمەتە بێ بنەماکانی دووبارە کردەوە، بڕیارم داوە باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئیسپانیا بانگهێشتی قودس بکەمەوە".
لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له ههزاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كرابوون.
هەروەها بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە 14 هەزار و 854 کەس کوژراون، کە لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.