ئەحمەد ئەلفولاسی: ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی متمانە بە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا دەبەخشێت

K24 – هەولێر:

وەزیرێکی ئیماراتی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان یاریکەرێکی سەرەکییە لە بواری وزە و ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی متمانە بە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا دەبەخشێت.

رۆژی پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) ئەحمەد ئەلفولاسی، وەزیری پەروەردە و فێرکردنی ئیمارات دوای پێشوازیکردنی لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و عێراق بە گشتی یاریکەرێکی سەرەکین لە بواری وزە و وزەی نوێبووەوە بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی و متمانە بە لوتکەکە دەبەخشێت.

ئەحمەد ئەلفولاسی گوتی، ""هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و عێراق بە گشتی یاریکەرێکی سەرەکین لە بواری وزە و وزەی نوێبووەوە. ئامادەبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لێرە گرنگی و متمانەی زیاتر بە لوتکەکە دەبەخشێت".

وەزیری پەروەردە و فێرکردنی ئیمارات ئاماژەی بەوەشکرد، "باوەڕمان وایە لوتکەکە دەگاتە ئەنجامێکی باش لەبارەی دابینکردنی وزەی نوێبووەوە و گواستنەوەی گواستنەوەی وزە لە رێگەیەکی گونجاو و مۆدێرن".

رۆژی پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم بۆ بەشداری لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) گەیشتە ئیمارات.

دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، "پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بە بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی بەشداری لەم لوتکەیە دەکات کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی نیشتمانیی ئیمارات. ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هەماهەنگی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کارکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام.

لە لوتکەکەدا، باس لەو ئاستەنگانە دەکرێت کە  لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا، رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەشدارانی لوتکەکە، کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم گۆڕانکارییە لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان تاوتوێ دەکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر لە چەندین بۆنەدا، هۆشداری لە مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی داوە و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوە و کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر جیهان.