عیرفان عەبدولعەزیز: ھیوادارین دەستپێشخەریەكەی بارزانی بگاتە ئامانج

K24 – سلێمانی

رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان رایگەیاند، ھیوادرین دەستپێشخەریەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بگاتە ئامانج بۆ چارەسەركردنی كێشەناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا عیرفان عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان گوتی: "لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆماندا باسی بارودۆخی چەقبەستووی ھەرێمی كوردستان و كۆبوونەوەی فوئاد حوسێن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانمان كردووە، ھیوادارین ئەو دەستپێشخەریەی جەنابی كاك مەسعوود بگاتە ئامانج".

لەبارەی سێدارەدانی ژمارەیەك چالاكوانی كۆمەڵی مەدەنی لە لایەن كۆماری ئیسلامی ئێران رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند: "سەركۆنەی لە سێدارەدانەكانی ئێران دەكەین، ئەو لە سێدارەدانانەی خەڵكی لەسەر ئەوەی سوننە بێت یان شیعە زۆر مەترسیدارە، ئەوەی كە باس دەكرێت ھەندێك لەو كەسانەی لە ئێران لەسێدارەدراون ھەقی ئەوەیان نەبووە زیندانیش بكرێن نەك لەسێدارەدارەبدرێن".

ئەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەی رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی دوای ئەوەھات كە ئەمڕۆ لەگەڵ سەڵاحەدین بەھائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كۆبوونەوە، بەگوێرەی زانیارییەكان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەیان دورستكردنی بەرەیەكی ئیسلامی بووە كە ماوەیەكە ھێزە ئیسلامییەكانی باشووری كوردستان كاری بۆ دەكەن.