دەســتـلێـدان لە مێسی قەدەغــەیە

لیۆنێل مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا و یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا
لیۆنێل مێسی كاپتنی هەڵبژاردەی ئارجێنتینا و یاریزانی پێشووی بارسێلۆنا

جان کلێر تۆدیبۆ ماوەیەکی زۆر کورتی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بەسەر برد، بەڵام لەم ماوەیەدا رێگەیان نەدا لەگەڵ مێسی پەیوەندییەكی ئاسایی دروست بكات، تەنانەت قەدەغەبوو دەستیش لە مێسی بدات.

بارسێلۆنا لە گواستنەوەی زستانەی 2019 بە گرێبەستێكی بێبەرامبەر جان كلێر تۆدیبۆی لە یانەی تۆڵۆزی فەرەنساوە گواستەوە، ئەوكات بارسێلۆنا زۆر سەرسام بوو بە توانای جەستەیی و شێوازی بەشداریكردنی لە هێرشەكانی ئەو یاریزانە، كاتێك تۆدیبۆ لە بارسێلۆنا بوو تەمەنی 18 ساڵ بوو.

ئەو بەرگریكارە تەمەن 23 ساڵەی ئێستای یانەی نیسی فەرەنسا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنی "لیگ وەن شۆ" رایگەیاند كە لە بارسێلۆنا رێگەیان نەدەدا دەست لە مێسی بدرێت.

تۆدیبۆ دەشڵێت: رەنگە ئەم قسانەی منتان پێ شێتانە بێت، بەڵام ئەوە راستییە، لە كاتی راهێنانەكاندا نەدەبوو بە هیچ شێوەیەك ئازاری مێسی بدرێت، دەبوو زۆر ژیرانە و لەسەرخۆ مامەڵەت لەگەڵ ئەو یاریزانە كردبا، تەنانەت دەستلێدان لە مێسی رێگەپێدراو نەبوو.

تۆدیبۆ: ئەم شتانەم زۆر پێ ئاسایی بوو، چونكە نابێت ئازاری باشترین یاریزانی جیهان بدرێت، بۆیە هەموو یاریزانەكان هەوڵیان دەدات لە راهێنانەكان مێسی تووشی پێكان و ئازار نەكەن، لیۆ ئازادانە تۆپی لە ئێمە وەردەگرت و یاریزانەكانی دەبڕی، بەڵام ئێمە نەماندەتوانی ئاوها بە سەربەستی هەمان شت بەرامبەر مێسی بكەین.

تۆدیبۆ نەیتوانی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا بسەلمێنێت، تەنیا بەشداریی لە پێنج یاریی كرد و دواتر روویكردە یانەی بێنفیكا، لەگەڵ ئەو یانەیەش كەمترین رۆژەكانی تێپەڕ كرد و پەیوەندی بە یانەی نیسی فەرەنسا كرد، ئێستا تۆدیبۆ بەرزترین ئاست لەگەڵ ئەو یانەیە پێشكەش دەكات، تەنانەت هاوینی رابردوو نزیك بوو لەوەی پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتد بكات.

تۆدیبۆ بەرگریكاری پێشووی یانەی بارسێلۆنا
تۆدیبۆ بەرگریكاری پێشووی یانەی بارسێلۆنا
تۆدیبۆ بە درێسی نیسی فەرەنسا رێگری لە هێرشێكی كلیان ئێمباپێ دەگرێت
تۆدیبۆ بە درێسی نیسی فەرەنسا رێگری لە هێرشێكی كلیان ئێمباپێ دەگرێت