سێنتكۆم راگەیەندراوێک لەبارەی هێرشەکەی کەرکووک بڵاودەکاتەوە

K24 – هەولێر:
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریكا (سێنتكۆم) راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی دوێنێ کەرکووک بڵاوکردەوە و پشتڕاستی کردەوە، پێنج چەکداریان کوشتووە.
رۆژی دووشەممە (4ـی کانوونی یەکەمی 2023) فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریكا (سێنتكۆم) رایگەیاند، لە کەرکووک هێزەکانی هاوپهیمانان هێرشیان كردهسهر پێنج چهكدار کە ئامادهكارییان بۆ هێرشێكی درۆنی دهكرد.
سێنتكۆم ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزهكانی هاوپهیمانان بۆ بهرگریكردن له خۆیان له رێگهی درۆنهوه وهڵامی هێرشهكهیان دایهوه و له هێرشهكهدا ههر پێنج چهكدارهكه كوژران و درۆنهكهش تێكشكێندرا.
هەر لەو راگەیەندراوەدا، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریكا ئاشکرایکردووە، پێشوهخته هێزهكانی عێراقیان له هێرشهكه ئاگادارکردووەتەوە، جەخییش دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە دژی هێرشەکان.
رۆژی یەکشەممە (3ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەکوردستان24ـی راگەیاند، کەمێک بەر لە ئێستا لە شارۆچکەی دووبز کە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای شاری کەرکووک، فڕۆکەی نەناسراو بۆردومانی حەشدی شەعبی کردووە.
دوای ئەو رووداوەش، بزووتنەوەی نوجەبا کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمەی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکا بۆ سەر هێزەکانیان لە کەرکووک، پێنج چەکداریان کوژران.
هاوکات بەرەی مقاوەمەی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، رۆژی یەکشەممە (3ـی کانوونی یەکەمی 2023) بۆردومانی بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکی کرد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و ئامانجەکانی خۆی بەشێوەیەکی راستەوخۆ پێکاوە.
هەروەها شەوی رابردوو، مقاوەمەی ئیسلامی عێراقی لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکایان لە عێراق و سووریا کردووەتە ئامانج.
لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە، هێزەکانی ئەمەریکا 74 جار هێرشیان کراوەتە سەر لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە عێراق و سووریا، بەگوێرەی پێنتاگۆن 62 سەربازی ئەمەریکا لەو هێرشانە برینداربوون.