فارس عیسا: سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەن
"پێشبینی دەکەم هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت"
K24 – هەولێر:
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، پێشبینی دەکات سەرەتای هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. هاوکات دەڵێت: سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەن.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند؛ پەیوەندییەکانی نیوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە ئاستێکی باشدایە و هەردوولا رۆژانە لەسەر هێلن بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکەن، هەروەها لەسەر پرسی نەوت و گازیش هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن، دوو لیژنەی تایبەت پێکهێنراوە بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز.
"سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەن"
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رایدەگەیەنێت؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ چارسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نامەیەکی ئاراستەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو، کە چەند خاڵێکی لەخۆ دەگرت، کە جەختی لە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکردەوە، بۆ ئەم مەبەستەش سوودانی لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە سەردانەکانی پێشووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، هەموو لەگەڵ ئەوەدابوون کێشەکان چارەسەر بکرێن بە رێگەی چارەسەرێکی یاسایی گونجاو، ئەویش سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاسای بودجەن، چونکە هەرێمی کوردستان زەرەرمەندی سەرەکییە لە یاسای بودجەدا بەهۆی خەرجی راستەقینەوە.
"پێشبینی دەکەم هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت"
فارس عیسا، گوتی: پێش 10 رۆژ رێکاری ناردنی 700 ملیار دینارەکە کۆتاییهاتبوو، بڕیاربوو بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت و هیچ کێشەیەکیش لەبەردەم ناردنی 700 ملیار دینارەکە نییە.
گوتیشی: پێیوست بوو لەم هەفتەیە ئەم پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان رەوانەبکرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی وەزیری دارایی عێراق لە سەفەر بوو بۆیە ناردنەکە بۆ هەفەتەی داهاتوو دواکەوت.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، نووسراوێکیان بە فەرمی ئاراستەی وەزارەتی دارایی و سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی سێ مووچەی دیکە بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت بۆ سێ مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ.
فارس عیسا، باسی لە سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرد و رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات.
هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و هیچ کێشەی نییە.
باسی لەوەشکرد، بەهۆی سکاڵایەکەی حکومەتی عێراق لە دادگای پاریس لەسەر تورکیا، تا ئێستا تورکیا و عێراق نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت.
