وەزیری نەوتی عێراق: پشتیوانی لە رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس دەکەین

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری نەوتی عێراق پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس دووپاتدەکاتەوە و دەڵێت، "پابەندین بە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی نەوت".

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەغدا بە تەواوی پشتیوانیی رێککەوتن و بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس دەکات کە کۆتایی مانگی رابردوو رێککەوتنیان لەسەر کرا.

بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزیری نەوت لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی کۆمپانیای سۆمۆ کۆبووەتەوە و، جەختی لە پشتیوانی عێراق بۆ بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس کردووەتەوە کە "لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەکانە بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی و سەقامگیری لە بازاڕی وزەدا".

وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشدا، بە گوێرەی رێککەوتن، عێراق ئاستی بەرهەمهێنان بۆ چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە کەم دەکاتەوە.

رێککەوتنەکە لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2024 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو 31ـی ئادار کاری پێدەکرێت.

حەیان عەبدولغەنی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس دووپاتکردەوە، کە لە رێگەیەوە پارێزگاری لە هاوسەنگی سەقامگیری بازاڕ دەکەن.