وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: بۆ ڕێككهوتنی نێوان هەولێر و بەغدا هاوكاربووین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە، هاوکاربوون بۆ ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.
شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بەشداربوون لە ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا کە هۆکاربوو بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا.
هاوکات گوتەبێژەکە ڕاشیگەیاند: لەپەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و پابەندن بە سەرجەم هاوبەشەکانیان لە سەرانسەری ئەو وڵاتە، هەروەها کاردەکەن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری، سەقامگیر و گەشەسەندوو.
تامی بروس، گوتیشی: لە پەیوەندیدان لەگەڵ حکوومەتی عێراق، پشتیوانی ئەو لایەنانە دەکەین کە مەترسی و کارە لە پێشینەکان لەگەڵمان هاوبەشی پێدەکەن.
جەختی لەوەش کردەوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی سوودی بۆ ئەمەریکا و عێراقیش دەبێت.
شەممە 27ـی ئەیلوولی 2025، کاتژمێر 6:50 خولەکی بەیانی، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق، ڕێککەوتوون لە قۆناغی یەکەمدا وەک دەستپێک، ڕۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، هەروەها هەردوولا لەسەر ئەوەش ڕێککەوتوون کە 50 هەزار بەرمیل نەوتیش بۆ پێویستیی ناوخۆی هەرێم بەکار بهێنرێت.