ئەڵمانیا.. ئاهەنگێک بە بۆنەی یادی ڕیفراندۆم بەڕێوەچوو
لە شاری مۆنستەری ئەڵمانیا، ڕەوەندی کوردستانی بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، یادی هەشتەمین ساڵیادی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانیان بەرز ڕاگرت.
لە ئاهەنگەکەدا، کە تێیدا کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکان و هونەرمەندان ئامادەبوون، جەخت لەسەر گرنگیی ڕۆژی ڕیفراندۆم کرایەوە وەک "کارتێکی بەهێز" و "ڕۆژێکی مێژوویی لەبیرنەکراو" کە خەونی لە مێژینەی گەلی کوردی تێدا هاتە دی. ئامادەبووان خۆشحاڵی خۆیان بۆ ئەو ڕۆژە دەربڕی و بە ڕۆژێکی مێژوویی و شانازییەکی نەتەوەییان دانا.
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا، بە کوردستان24 گوت: "هەرێمی کوردستان قۆناغی زۆر جیاوازی بڕیوە، بەڵام "خۆشبەختانە، پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە قۆناغێکی زۆر باشدایە و پەیوەندییەکانمان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاراستەیەکی باشتر دەڕۆن."
باسی لەوەش کرد، پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا زۆر گرنگە و لە زۆر وڵاتی سەربەخۆ کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن، بەهێزترە. ئەو گەشبینیی خۆی نیشاندا و گوتی: "دڵنیام ڕۆژێک دێت گەلی کوردستان و گەلانی تریش دەگەنە مافی خۆیان
هەر لەو یادەدا، سەرحەد غەفووری، بەرپرسی لقی شەشی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "پیرۆزبایی ئەم یادە لە هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم. ئەم ڕۆژە مێژووییە لەخۆیەوە دروست نەبووە، بەڵکوو بە خوێن و فرمێسک و ئازار و ماندووبوون و هەزاران شەهید دروست بووە."
ناوبراو ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی ڕەوەندی کوردستانی کرد لە پاڵپشتیکردنی ڕیفراندۆم و گوتی:"کوردانی دەرەوەی وڵات بە یەکدەنگ و یەکڕەنگ پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەو مافە ڕەوایە دەربڕی."
سەبارەت بە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم، غەفووری ئاماژەی بە خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر کرد، بەڵام جەختی کردەوە کە "بەهۆی سیاسەتی حەکیمانەی جەنابی سەرۆک بارزانی و خۆڕاگریی خەڵک و پێشمەرگە، دوژمنان نەیانتوانی چۆک بە کورد دابدەن."
لە کۆتاییدا گوتی: "ئێمە ئەم یادە دەکەینەوە و دڵنیاین کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەرهەمی ئەم چاندنە دەدرووینەوە و دەگەین بە ئازادی و دەوڵەتی سەربەخۆ، چونکە وەک سەرۆک بارزانی فەرمووی، نیشتمان لەسەر کاغەز دروست ناکرێت، بەڵکوو بە خوێنی دەمارەکانمان دروستکراوە."