گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان: رێگری لەو کەشتییانە دەکەین کە بەرەو ئیسرائیل دەرۆن

یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان

K24 - هەولێر

حوسییەکانی یەمەن بەڵێنیان داوە رێگری لە تێپەڕبوونی ئەو کەشتیانە بکەن، کە بەرەو بەندەرەکانی ئیسرائیل لە رێگەی دەریای سوورەوە دەڕۆن، چونکە خۆراک و دەرمان ناهێنرێتە ناو غەززە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززەیە.

هێرشەکانی حوسییەکان لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دەستیپێکردووە، هەروەها بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووتر راگەیاندووە، کە دەستیان بەسەر کەشتییەکی بازرگانیدا گرتووە و مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان ئاراستەی ئامانجەکانییان کردووە لە دەریاییەکان و شاری ئیلاتی باشووری ئیسرائیل.

ئێوارەی رۆژی شەممە، فەریق یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازی حوسییەکان، لە پلاتفۆرمی"ئێکس" رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاندووە رێگری لە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە دەکەن، کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن، جا ئەو کەشتیانە سەر بەهەر وڵاتێک بێت، ئەگەر ئەو خۆراک و پێداویستیی ە دەرمانەی پێیەتی نەچێتە ناو کەرتی غەززە".

لەسەرەتادا حوسییەکان تەنها ئەو کەشتیانەیان دەکردە ئامانج کە ئیسرائیلی بوون، بەڵام لە رۆژی شەممەوە، 9-12-2023، بڕیاریان داوە هەر کەشتییەک بەرەو ئیسرائیل بچێت دەستی بەسەردا دەگرن.

جەختیان لەوەشکردەوە، کە ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن تا "دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر گەلی فەڵەستین دەوەستێت".

هەفتەی رابردوو حوسییەکان هێرشیان کردە سەر دوو کەشتی لە کەناراوەکانی یەمەن کە بە گوتەی خۆیان ئیسرائیلین و یەکێکیان ئاڵای دوورگەی باهاماسی هەڵکردبوو، هەروەها مانگی رابردووش دەستیان بەسەر کەشتی بارهەڵگری "گالاکسی لەیدەر"دا گرت کە پەیوەندی بە بازرگانێکی ئیسرائیلییەوە هەیە.

بەیاننامەکەی یەمەن هۆشداریداوە بە "هەموو کەشتی و کۆمپانیاکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەندەرەکانی ئیسرائیل"، جەختیشی کردەوە، هێرش ناکەنە سەر "هەموو کەشتییەکانی وڵاتان جگە لەو کەشتیانەی پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە یان ئەوانەی کە کاڵا بۆ بەندەرەکانی ئیسرائیل دەگوازنەوە".

لە وەڵامی هەڕەشەکەدا، ئیسحاق هانگبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل، رەتی کردەوە گەمارۆی دەریایی لەسەر وڵاتەکەی هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوای لە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرکردەکانی ئەوروپا کرد، رێوشوێن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە بگرنەبەر.

بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: بڕیاری برایان لە یەمەن بەرز دەنرخێنین بۆ رێگریکردن لە تێپەڕبوونی کەشتییە ئیسرائیلییەکان و هەموو ئەو کەشتیانەی بەرەو ئەو وڵاتە دێن.

ئاماژەیان بەوەشکرد "حەماس ئەمە بە بڕیارێکی بوێرانەیە و لە پێناو خوێنی گەلەکەمانە لە کەرتی غەززەیە و دژی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا وەستاوە کە درێژە بە شەڕی جینۆسایدی خۆیان دەدەن. هەروەها داوای لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش کرد هەنگاو بنێن بەرەو شکاندنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە".

بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، 10-1-2023، سەرۆکی ئەرکانی سوپای فەرەنسا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، کە کەشتی "لانگودۆک" شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی یەمەنییان خستە خوارەوە.

 

 

 

Fly Erbil Advertisment