سەرۆکی زانکۆی پێنسڵڤانیا بەهۆی هەڵوێستێکی لەسەر شەری ئیسرائیل دەستی لەکارکێشایەوە
K24 - هەولێر
سەرۆکی زانکۆی پێنسڵڤانیای ئەمەریکا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی پێشکەش کرد، ئەمەش بەهۆی هەڵوێستێکی خۆیەوە بووە کە ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەوانە دەربڕیووە کە دژی هێرشەکانی ئیسرائیلن، بەمەش لە ناو زانکۆ رووبەرووی هێرشێکی توند بووەتەوە.
سکۆت بۆک سەرۆکی ئەنجوومەنی زانکۆی پێنسڵڤانیا لە بەیاننامەیەکدا لەماڵپەڕی زانکۆکە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت: "لیز ماگیل خۆبەخشانە دەستی لە پۆستەکەی وەک سەرۆکی زانکۆی پێنسڵڤانیا کێشاوەتەوە".
بۆک ئاماژەی بەوەشکرد، دوای فشارەکانی ئەنجومەن، بە ماوەیەکی کەم لیز ماگیل دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی راگەیاند.
سەرۆکی ئەنجوومەنی زانکۆی پێنسڵڤانیا راشیگەیاند: گەیشتوومەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەوەندەی پەیوەندیم پێوە هەیە، ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ رۆیشتنی لیز.
پێشتر سەرۆکی چەندین زانکۆی گەورەی ئەمەریکا، کە ماگیل یەکێک بووە لەوانە، لە دانیشتنەکانی کۆنگرێس سەبارەت بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە دژە ئیسرائیلییەکان لە زانکۆکاندا بەهۆی هێرشە خوێناویەکەی سەر غەززە قسەیان کرد.
لە میانی دانیشتنەکەدا، ماگیل و سەرۆکەکانی دیکەی زانکۆکان رەتیانکردەوە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی "بەڵێ" یان "نەخێر" بدەنەوە بۆ پرسیارەکەی ئەلیس ستیفانیک، نوێنەری کۆمارییەکان سەبارەت بەوەی ئایا "داکۆکیکردن لە کۆمەڵکوژی جولەکەکان" کۆتایی بە رەفتارە هەراسانکارەکان و قسەی ناشرین دەهێنێت لە زانکۆکاندا.
یاسادانەرانی ئەمەریکا لە میانی دانیشتنەکاندا ناڕەزایی خۆیان لە سەرۆکەکانی زانکۆی پێنسڵڤانیا، زانکۆی هارڤارد و پەیمانگای تەکنەلۆجیای ماساشوستس دەربڕی.
لە نامەیەکی هاوبەشدا کە رۆژی هەینی، بۆ ئەو ناوەندە پەروەردەییانەیان ناردووە و داوایان کردووە "دەستبەجێی هەموو سەرۆکەکانی ئەو زانکۆیانە لە پۆستەکانیان دووربخرێتەوە"، ئەمە جگە لەوەی پلانێکیان بۆ پاراستنی خوێندکارە جولەکە و ئیسرائیلییەکان خستووەتەڕوو.