سەفین دزەیی: لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەدەکات؛ "گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسە داراییەکان بەردەوامە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراقیش هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین". گوتیشی: کوردستان بووەتە بەهەشتێک بۆ پێکەوەژیان.

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی باشداریکردنی لە رێورەسمی رۆژی نیشتمانی رۆمانیا لە هەولێر رایگەیاند، بە ناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم پێشکەشی رۆمانیا دەکەیەن بەبۆنەی رۆژی نیشتیمانیانەوە، ئەو هەماهەنگییانەی کە باڵیۆزی رۆمانیا باسی کرد پەیوەندییەکانی نێوانمانی بەهێزتر کردووە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی باڵیۆزی رۆمانیا کرد کە هاوکاری و هاوخەمی خۆیان بۆ رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی سۆران دەربڕی و ئامادەیی خۆیان بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەک نیشاندا.

سەفین دزەیی، لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و رۆمانیا دەڵێت: پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ رۆمانیا مێژووییەکی دورودرێژی هەیە، لە کۆتاییەکانی حەفتاکان رۆمانیا پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابییانی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ئەوەی لەو وڵاتە بخوێنن، هەندێکیشیان ئەمشەو لێرە ئامادەن، هەندێکیشیان تەوانیویانە هەماهەنگی باش بکەن بۆ بەرەپێشچوونی کوردستان.

دزەیی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، کە چاویان لەوەیە پەیوەندییەکانی نێوانیان زیاتر بەرەوپێش بچێت و پەرەبسێنێت لە بواری پەروەردە، بازرگانی و زۆری بواری دیکە.

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی گوتی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سوودانی پەیوەندییکی باشە بەردەوامیش دەبین لە گفتۆگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ناوبراو گوتیشی: "هیوادارم بەغدا بتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، چەندین شاندمان ناردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بتوانین هەموو بەڵگەکان بخەینەروو کە بەغدا داوای کردبوو، لەگەڵ سەرۆکوەزیران بە جیددی لەسەر هێلین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

سەبارەت بە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دزەیی رایگەیاند، ئەو بارودۆخەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە زۆر بە نیگەرانییەوە سەیری دەکەین، بەداخەوە لە ماوەی رابردوو بینیمان هەندێک لە هێرشەکان بۆەسەر هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی نەناسراوە ئەندجامدرا،  هیوادارین بە زووترین کات دۆخەکە هێور بکرێتەوە و ئەو هێرشانەش بوەستێندرێت.

لەبارەی هەرێمی کوردستانیش، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی خستەڕوو، ئێمە لە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانمان نیشانداوە، کوردستان بووەتە بەهەشتێک بۆ پێکەوەژیان و بۆ ئەوە کەسانەی کە هانایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە.

Fly Erbil Advertisment