لە پەرلەمانی ئەوروپا بەدواداچوون بۆ پرسی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت

پەرلەمانی ئەوروپا
پەرلەمانی ئەوروپا

K24 – هەولێر:

دوا بە دوای هەوڵەکانی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، چەند ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ پشتگیری لە هەرێمی کوردستان پرسیاری پەرلەمانی ئاراستەی بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتی ئەوروپا دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە (11ـی کانوونی یەکەمی 2023) سێ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا بە ناوەکانی ئەندرێس شنایدەر، نیکۆلاس ویڵمسن و فرانسوا ئەلفۆنسی بە نوسراوێکی فەرمی و وەک پشتگیرییەک لە هەرێمی کوردستان پرسیاری پەرلەمانی ئاراستەی بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەوروپا دەکەن و بەدواداچوون بۆ پرسی یاسای بودجە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن.

ئەو ئەندامانەی پەرلەمانی ئەوروپا دوو پرسیاریان سەبارەت بە سیاسیکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی عێراق و هۆکارەکانی پشت بڕیارەکانی دادگاکە دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیاندا هاتووە، هەرچەندە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەرەتای ئەمساڵ لە یاسای بودجەی (2023 - 2025) جێگیرکراون و لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پشکی خۆی لە بودجەی عێراق وەرنەگرتووە.

دەقی نوسراوی پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا:

حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتای ئەمساڵ ڕێککەوتنێکیان لەسەر پشکی بودجە لە نێوانیان واژۆکرد. بڕگەکانی ئەم ڕێککەوتنە تاڕادەیەکی زۆر لە یاسای بودجەی ساڵی (2023-2025) جێگیرکراون و لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند کرا و دەبێت لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە جێبەجێ دەکرێت.

بەڵام تا ئێستاش حکومەتی هەرێم پشکی خۆی لە بودجەی عێراق وەرنەگرتووە.

1. ئایا جێگری سەرۆک/بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە ئاگاداری هۆکاری بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی عێراق و ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێمە و ئایا جێگری سەرۆک/بەرپرسی باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا  هاوبەشی ئەو نیگەرانییەیە کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراق  وەکو هێڵی سیاسی لە دژی حکومەتی هەرێم بەکاردەهێنرێن؟

2. ئایا جێگری سەرۆک/  بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە رێوشوێن دەگرنەبەر بۆ باشترکردنی دیالۆگ و هاریکاری نێوان بەغدا و حکومەتی هەرێم و ئەگەر وایە چۆن؟

Fly Erbil Advertisment