کەسایەتییەکی مەزهەبی شیعە: کوەیت رەگەزنامەی لە 300 هەزار کەس وەرگرتووەتەوە

شێخ حوسێن مەعتووق، کەسایەتیی ئایینیی مەزهەبی شیعە
شێخ حوسێن مەعتووق، کەسایەتیی ئایینیی مەزهەبی شیعە

کەسایەتییەکی ناسراوی مەزهەبی شیعە لە کوەیت رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رەگەزنامەیان لە نزیکەی 300 هەزار هاووڵاتی سەندووەتەوە و فشار و رێکارە توندەکان تەنیا شیعەکان ناگرێتەوە، بەڵکو سوننەکان و هۆزەکانی ئەو وڵاتەش رووبەڕووی هەڵمەتی لێسەندنەوەی رەگەزنامە بوونەتە و دەستبەسەر موڵک و ماڵەکانیاندا دەگیرێت.

پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، شێخ حوسێن مەعتووق، کەسایەتیی ئایینیی مەزهەبی شیعە، کە بە ئایەتوڵڵا ناسراوە دوای دەرکردنی لە کوەیت ئێستا لە ئێرانە و لە شاری قوم قسەی بۆ میدیاکانی کۆماری ئیسلامی کردووە و دەڵێت: "کوەیت کار بۆ ریشەکێشکردنی شیعە و هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگەی کوەیتی بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەکات. ئێستاش رەگەزنامەی لە نزیکەی 300 هەزار کەس وەگرتووەتەوە، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی کوەیت، 1.4 ملیۆن کەسە".

مەعتووق گوتی: "فشارەکان تەواوی کۆمەڵگەی کوەیتی گرتووەتەوە، تەنیا شیعە نییە، بەڵکو بەشێک لە سوننەکان و هۆزەکانی ئەو وڵاتە رەگەزنامەیان لێوەرگیراوەتەوە و ماڵەکانیان لێ سەندراوەتەوە، ئێستاش لە خۆشگوزەرانییەوە کەوتوونەتە نێو هەژاری و نەهامەتییەوە".

سەبارەت بە دۆخی مامۆستایانی ئایینی، مەعتووق باسی لەوە کرد، ژمارەیەک لە زانایانی ئایینیی کوەیت ئێستا لە زینداندان و بە "چاوی بەستراو و کۆت و زنجیرەوە" دەبرێنە بەردەم دادگا؛ دەشڵێت: ئەو مامەڵە توندەی کوەیت، بەحرەین و وڵاتانی دیکەی عەرەبی بەرامبەر زانایانی ئایینی، تەبایی و سازانی مەزهەبەکانی لاواز کردووە.

مەعتووق ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای جەنگی 40 رۆژەدا، فشارەکان زۆری زیادیان کردووە و هۆکارەکەشی ئەوەیە، دەسەڵاتدارانی کوەیت دەیانەوێت لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا بن و سەربەخۆیی و شکۆی ناوچەکە قبووڵ ناکەن.