پاکستان.. لە هێرشێکی خۆکوژیدا 23 کەس کوژران
K24 - هەولێر
ژمارەی قوربانیانی هێرشێکی خۆکوژی کە لەلایەن گروپێکەوە بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە باکووری رۆژئاوای پاکستانیان ئەنجامدراوە، بەرزبووەتەوە بۆ 23 کەس.
بەرپرسێکی پاکستان کە نیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکات بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، لە گروپێکی چەکدار هێرشێکی خۆکوژیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازی لە باکووری رۆژئاوای پاکستان، گوتیشی: "زۆرێکیان لە خەودا کوژراون و جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بووە، بۆیە هێشتا هەوڵدەدەین بزانین ئایا هەموویان سەرباز بوون یان نا".
پێشتریش بەرپرسان رایانگەیاندبوو، لە هێرشێکی چەکداریی بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس لە باکووری رۆژئاوای پاکستان بووە هۆی کوژرانی چوار بەرپرسی ئەمنی و بریندار بوونی ژمارەیەکی دیکە.
ئایزاز مەحموود، بەرپرسی دەزگای فریاکەوتنی پاکستان رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا 28 کەسی دیکەش برینداربوون، کە لە ناوچەی دێرا ئیسماعیل خان روویداوە.
تاڵیبانی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، چەکدارەکانیان ئەو هێرشەیان ئەنجامداوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، دواتر وردەکاری زیاتر بڵاودەکرێتەوە.