هۆنگ كۆنگ داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌كات
بۆ یه‌كه‌مجار
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، بۆ یه‌كه‌مجار به هه‌زاران هاووڵاتیی هه‌رێمی هۆنگ كۆنگی چین، هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و داوای سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه‌كه‌یان ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له كۆماری چینی میللی جیاببنه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی هۆنگ كۆنگیش رایانگه‌یاند، داواكردنی سه‌ربه‌خۆیی پێچه‌وانه‌ی یاساكانه و پێشتر ئیستیعماری به‌ریتانییه مافى نیمچه خۆڕێبه‌ری به‌و هه‌رێمه داوه.
خۆپیشانده‌ران له نزیك نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی حكوومه‌ت كۆببوونه‌وه و هه‌ندێكیشیان درووشمی "سه‌ربه‌خۆیی هۆنگ كۆنگ"یان هه‌ڵگرتبوو.
ئیدوارد لۆنگ، یه‌كێك له‌و پێنج پاڵێوراوانه‌ی كه پشتگیری داوای هه‌رێمه‌كه ده‌كه‌ن بۆ سه‌ربه‌خۆیی و هاوكات له مافی خۆپاڵاوتن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری داهاتوو بێبه‌شكراون، له گوتارێكدا بۆ خۆپیشانده‌ران گوتی: "سه‌روه‌ری هۆنگ كۆنگ موڵكی جین پینگ (سه‌رۆكی چین) و ده‌سه‌ڵاتداران و حكوومه‌تی هۆنگ كۆنگ نییه، به‌ڵكو ئه‌و موڵكه هی گه‌لی هۆنگ كۆنگه".
ئاندى شان, كه مانگی ئادار/ مارسی ئه‌مساڵ، پارتی نیشتمانی هۆنگ كۆنگی دامه‌زراند و مافی خۆپاڵاوتنی نییه بۆ هه‌ڵبژاردن، به هه‌مان شێوه داوای سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمه‌كه‌ی ده‌كرد.
ئاندی شان، بۆ ئاژانسی فرانس پرێس گوتی: "ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك توندوتیژی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه و نامانه‌وێ هیچ كه‌سێك به‌هۆی ئه‌و داوایه‌وه ده‌ستگیر بكرێت، یاخود ئازاری پێ بگات". هاوكات پشتگیری خۆی له گردبوونه‌وه و خۆپیشاندان راگه‌یاند، بۆ داواكردنی جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی هۆنگ كۆنگ له چین.
یه‌كێك له خۆپیشانده‌ران، بۆ ئاژانسه‌كه ده‌ڵێت: "خه‌ڵك له زۆربوونی ژماره‌ی دانیشتووانی چین بێزاره، حكوومه‌تی هۆنگ كۆنگ و چین، رۆژ به رۆژ زیاتر مافه‌كانمان زه‌وت ده‌كات".
هه‌رچه‌نده بیرۆكه‌ی جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی هۆنگ كۆنگ له چین قه‌ده‌غه‌بوو، به‌ڵام به په‌یدابوونی چه‌ند پارتێكی نوێ، دووباره ئه‌و داوایه سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه و داوای پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌كانییان ده‌كرد له‌گه‌ڵ چین.
ئه‌و پارته نوێیانه‌ش، به ده‌ستپێشخه‌ری گه‌نجانی "شۆڕشی چه‌تر" سه‌ریهه‌ڵدا، كه له ساڵی 2014 به خۆپیشاندانه‌كانییان له هه‌رێمی هۆنگ كۆنگ، حكوومه‌تی چینیان ناچاركرد، چاكسازی له سیسته‌می سیاسی ئه‌و وڵاته‌دا بكات و له به‌رامبه‌ریشدا، كۆتاییان به خۆپیشاندانه‌كان هێنا.
هۆنگ كۆنگ ده‌كه‌وێته باشووری رۆژهه‌ڵاتی چین و دانیشتووانه‌كه‌ی زیاتر له 7 ملیۆن كه‌س ده‌بێت و رووبه‌ره‌كه‌شی 1.104 كیلۆمه‌تر چوار گۆشه ده‌بێت، یه‌كێكه له قه‌ره‌باڵغترین شوێنه‌كانی جیهان.