لە ئێران کورتهێنانی بەنزین بووەتە کێشەیەکی سەرەکی حکومەت و هاووڵاتییان
K24 - هەولێر
پێشبینی دەکرێت ئێران بۆ ساڵی داهاتوو ڕۆژانە 15 ملیۆن لیتر کورتهێنانی بەنزینی هەبێت و حکومەت ناچار دەبێت ساڵانە بە بڕی سێ ملیار دۆلار بەنزین هاوردە بکات.
کورتهێنانی بەنزین لە ئێران بووەتە یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان و حکومەت؛ هاووڵاتییان نیگەرانی خۆیان لە گرانبوونی نرخی بەنزین دەردەبڕن.
ئاژانسی "ئیلنا"ـی ئێرانی رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە بە شێوەی مامناوەند رۆژانە 15 ملیۆن لیتر کورتهێنانی بەنزین لەم وڵاتە هەبێت و حکومەت ناچار دەبێت لەم ساڵەدا بەبڕی سێ ملیار دۆلار بەنزین هاوردە بکات.
لە لایەکی دیکەوە موحسین زەنگەنە، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی تاوتوێکردنی بودجە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، تا ئێستا هیچ بریارێک لە لایەن حکومەتەوە بۆ گرانکردنی بەنزین نەدراوە و لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵیدا باس لە گرانکردنی نرخی بەنزین نەکراوە.
لە کۆتایی هاوینی ئەمساڵ قەیرانی کورتهێنانی بەنزین بە ڕادەیەک گەورە بووەوە کە حکومەت بڕیاری دا هاووڵاتییان بە کارتی نیشتمانی و بە رێژەیەکی دیاریکراو بتوانن بەنزین بکرن؛ بەڵام ئەم بڕیارەی حکومەتیش نەیتوانی کێشەی کورتهێنانی بەنزین چارەسەر بکات.