عێراق و ئیمارات 'بە درهەم' مامەڵە بازرگانییەکانیان دەکەن

ئاڵای عێراق و ئیمارات
ئاڵای عێراق و ئیمارات

K24 - هەولێر

بانکی ناوەندیی عێراق رایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە، 13-12-2023، مامەڵە بازرگانییەکانی عێراق و ئیمارات بە درهەم دەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-12-2023، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لەگەڵ گرووپی بانکی (ئەبوزەبی یەکەم)ـی ئیماراتی رێککەوتن، کە لە رێگەی ئەو رێککەوتنەوە رێوشوێنەکانی حەواڵە، پارەدارکردن، بازرگانی و هاوردە لە نێوان هەردوو وڵات بە درهەمی ئیماراتی دەکرێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی بانکی ناوەندیی عێراق، پارێزگاری بانک لەگەڵ سەرۆکی بانکەکە کۆبووەتەوە؛ رێوشوێنەکانی مامەڵەی بازرگانی و حەواڵەی پارە تەوەرەی سەرەکی گفتوگۆکان بووە.

لە بەشێکیی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە، 13-12-2023، سەرجەم مامەڵەکانی حەواڵە و بازرگانی لەگەڵ ئیمارات بە درەهەم دەکرێن، کە لە قۆناغی یەکەمدا پێنج بانکی عێراقی بەشدارن و دواتر قۆناغ بە قۆناغ ژمارەیان زیاد دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، بانکی ئەبوزەبی یەکەم (FAB) یەکێکە لە گەورەترین و بەهێزترین دامەزراوە داراییەکان لەسەر ئاستی جیهان، کە پلەبەندییەکەی بە AA- دیاریکراوە و کۆی سەرمایەکەی نزیکەی 300 ملیار دۆلارە.

Fly Erbil Advertisment