پۆلیسی هەرێم: کامێراکانی چاودێری نزیکەی سەدا 80ی کێشەکانیان چارەسەر کردووە

K24 – هەولێر

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم رایگەیاند، کامێراکانی چاودێری نزیکەی 80% کێشەکانیان چارەسەر کردووە و بەپێی رێنماییەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەبێت هەموو شوێنکارێک کامێرای چاودێری دابنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2023، موقەدەم کارزان ئەمیر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەشێک لە تاوانباران کە دەستگیر دەکرێن بەهۆی یارمەتیدەری کامێرای چاودێرییە، کە نزیکەی 80%ی کێشەکانی دامودەزگاکان و هاووڵاتییانی چارەسەر کردووە، بەتایبەتی لە کاتی سەرپێچی ئۆتۆمبێل لە رووداوێکدا کە لە هاووڵاتییەک بدات، یاخود حاڵەتێکی دزی، یا هەرجۆرە رووداوێکی جۆراوجۆری دیکەبێت".

گوتیشی: "بەرێگەی کامێرای چاودێری بەدواداچوون دەکرێت و تاوانبار دەستگیر دەکرێن".

هەر پەیوەست بە کامێراکانی چاودێری سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکانی هەولێر کە نەیویست ناوی بنوسرێت، گوتی: "کامێراکانی چاودێری هۆکارێکی باشن بۆ ئەوەی تاوان کەمبێتەوە، ئێستا خەڵکی هۆشیارتر بووەتەوە کە دەبینێت شوێنەکە کامێرای چاودێری لێیە سڵ دەکاتەوە لەوەی کە تاوانێک ئەنجامبدات، زۆر سوودیشمان لێ بینیووە بۆ دۆزینەوەی تاوانبار، هەر بۆیە دەبێت بەپێی رێنماییەکان کامێرای چاودێری لە هەموو کوچە و کۆڵانێک و شوێنێکدا هەبێت".

بەپێی رێنماییەکانی ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستان، دەبێ هەموو شوێنکارێک کامێرای چاودێری دابنێت، ئاراستەکەی کامێراکەش هێزەکانی ئاسایش دیاری دەکەن، لە رووی کوالێتیشەوە دەبێت جۆرەکەی باش بێت، بەدواداچوون دەکرێت ئەگەر کوالێتی کامێراکە باش نەبوو پێی دەگۆڕدرێت، بۆ ئەوەی لە هەر حاڵەتێکدا، ژمارەی ئۆتۆمبێل یاخود تاوانبار دەرکەوێت.

جگە لە دانانی کامێرای شوێنکار و ماڵ لەلایەن هاووڵاتییان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگری کردن لە تاوان و کەمکردنەوەی تاوانەکان، چەندین کامێرای چاودێری لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان داناوە.

ئا: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment