کوردستان24 هۆکاری جیاوازی حەقدەستی زێڕ لە بازاڕەکان ئاشکرا دەکات

لە بەدواداچوونێکی بەرنامەی "یەکەم نرخ"ـی کوردستان24 کە بەڵێن میکە پێشکەشی دەکات، هەرزانترین و گرانترین حەقدەستی زێڕ و هۆکارەکانی ناجێگیریی نرخەکەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.

نرخی زێڕ بەردەوام لە گۆڕاندایە و خەڵکێکی زۆر بە مەبەستی قازانجکردن دەیکڕن، بەڵام بەپێی گوتەیەکی باوی نێو بازاڕ، تەنیا زێڕنگران لەو مامەڵەیەدا قازانج دەکەن. هاوکات فراوانی و بەربڵاویی بازاڕەکە، کۆنترۆڵکردنی سەخت کردووە و چەندین پرسیاری لەبارەی مامەڵەکان دروستکردووە.

حەقدەستی زێڕ یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان، بە جۆرێک نە هیچ پێوەرێکی بۆ دانراوە و نە بڕەکەشی دیاریکراوە. هەر بەو هۆیەوە و سەرەڕای ئەوەی زێڕ کانزایەکی زەردە، بەشێک لە خەڵک بە "بازاڕی رەش" ناوی دەبەن.

کوردستان24 ئەوەی ئاشکرا کردووە، بەشێک لە هاووڵاتییان بەبێ ئەزموون و شارەزایی لە مامەڵەکاندا، لە کاتی بەرزبوونەوەی نرخەکاندا زێڕ دەکڕن، بەڵام لەگەڵ دابەزینی نرخەکەیدا، لە ترسی لەدەستدانی سەرمایەکانیان بەپەلە دەیفرۆشنەوە، کە ئەمەش زیانی داراییان پێ دەگەیەنێت. هاوکات زۆربەی هاووڵاتییان لە ناجێگیری و ناڕوونیی بڕی ئەو حەقدەستە نیگەرانن کە دەخرێتە سەر خشڵەکان.

هەندێک جار بە ناوی حەقدەستەوە، بڕە پارەیەک نزیک لە نرخی خودی زێڕەکە لە کڕیار وەردەگیرێت، کە ئەمەش بە پێچەوانەی بنەماکانی بازاڕی زێڕ هەژمار دەکرێت. لەم بارەیەوە خانمێک کە یەکێکە لە کڕیاران، باسی لەوە کرد، پێشتر مسقاڵێک زێڕی بە 500 هەزار دینار کڕیوە، بەڵام لە کاتی فرۆشتنەوەیدا دەرکەوتووە بۆ هەر مسقاڵێک، نزیکەی 300 هەزار دینار حەقدەستی لێ وەرگیراوە.

وەستا جەلال بایز، وەک کۆنترین زێڕنگری هەرێمی کوردستان کە لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووەوە لەو پیشەیەدا کار دەکات، بەکوردستان24ـی گوت: پێشتر نرخی زێڕ و حەقدەستەکەشی زۆر کەم بوو، بەڵام لە ساڵی 1982ـەوە نرخەکەی دەستی بە بەرزبوونەوە کرد.

ئەو زێڕنگرە دێرینە ئاماژەی بەوەش کرد، قورسترین پارچە زێڕ کە کاری لەسەر کردبێت 100 مسقاڵ بووە، کە ئەو کاتە نرخی هەر مسقاڵێکی 10 دینار بووە و بە حەقدەستیشەوە کۆی نرخەکەی لەنێوان هەزار بۆ هەزار و 100 دینار بووە، لە کاتێکدا ئێستا بەهای ئەو پارچەیە بە 100 ملیۆن دیناریش ناکڕدرێت.

سەرەڕای ئەوەی لەم سەردەمەدا هاووڵاتییان راستەوخۆ ئاگاداری گۆڕانکاریی نرخەکانن، بەڵام هەندێک رۆژ نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی ناوخۆ جیاواز لەو نرخە مامەڵەی پێوە دەکرێت کە بۆرسەی جیهانی دەستنیشانی کردووە.

محەمەد سیامەند، زێڕنگر لە سلێمانی، هۆکاری جیاوازیی نرخی زێڕی لە نێوان بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و بۆرسەی جیهانی بۆ تێچووی حەواڵەی دۆلاری ئەمریکی گەڕاندەوە و گوتی "زێڕنگران دەبێت پارە بۆ ئەو وڵاتانە بنێرن کە زێڕەکەیان لێ دەکڕن، لە ئەگەری بەرزبوونەوەی تێچووی حەواڵەکەشدا، ناچارن بیخەنە سەر نرخی زێڕ تا دووچاری زیان نەبنەوە."

ئەو زێڕنگرەی سلێمانی پسوولەیەکی ساڵی 2017ـی نیشاندا کە دەریدەخات کڕیارێک 13 مسقاڵ زێڕی بە سێ ملیۆن دینار کڕیوە، لە کاتێکدا ئێستا ئەو بڕە پارەیە تەنیا بەشی کڕینی سێ مسقاڵ زێڕ دەکات.

لەلایەکی دیکەوە هەندرێن وەرتی، سەرۆکی سەندیکای زێڕنگران ئاماژەی بەوە کرد، حەقدەستی ئەو خشڵانەی لە ناوخۆدا دروست دەکرێن نزیکەی 10 هەزار دینارە بۆ هەر گرامێک، بەڵام خشڵە هاوردەکراوەکان حەقدەستیان زیاترە و هەندێکیان دەگاتە 25 دۆلاری ئەمریکی.

سەرۆکی سەندیکای زێڕنگران داوای لە هاووڵاتییان کرد، لە ئەگەری هەبوونی هەر گومانێک لە مامەڵەکانیاندا یان وەرگرتنی پارەی زیادە، سەردانی سەندیکا بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن بۆ ئەوەی مافەکانیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.

ساڵانە زیاتر لە 15 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت کە زۆربەی لە ئیمارات و تورکیاوە دابین دەکرێت. ئەو زێڕەش بەسەر زیاتر لە دوو هەزار و 100 زێڕنگر لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا دابەش دەبێت، کە هەولێر بە هەبوونی 750 زێڕنگر زۆرترین ژمارەی بەردەکەوێت، جگە لە کارکردنی دەیان کارگە و وەرشەی دروستکردن و چاککردنی خشڵ و لیرەی زێڕ.

سەرژین سەلام، خاوەنی کارگەی زێڕ لە سلێمانی، باسی لەوە کرد،  لە کارگەکەی ئەواندا حەقدەستی پارچە دروستکراوەکان لە نێوان دوو دۆلاری ئەمریکی بۆ هەشت دۆلاری ئەمریکیدایە.

حەقدەستی بەرهەمی کارگەکانی ناوخۆ کەمترە و هەندێک جار جیاوازیی نێوان حەقدەستی خشڵی هاوردەکراو و ناوخۆیی دەگاتە سێ هێندە و زیاتریش، ئەم دۆخەش گومانی لەلای هاووڵاتییان لەبارەی جیاوازیی کوالێتیی نێوانیان دروستکردووە.

باوان سەلام، بازرگانی زێڕ و گوتەبێژی سەندیکای زێڕنگران جەختیکردەوە، هیچ جیاوازییەک لە کوالێتیی زێڕەکاندا نییە و ئێستا کارگەی پێشکەوتوو لە هەرێمی کوردستان دامەزراون.

ئەو بازرگانەی زێڕ گوتیشی: "پێشتر دەبوو زێڕ بنێردرێتە دەرەوە و لەوێ بکرێت بە خشڵ کە بەهۆیەوە باج و گومرگ و تێچووی زۆری دەخرایەسەر، بەڵام ئێستا ئەو پرۆسەیە لە ناوخۆدا بەڕێوەدەچێت، بۆیە بەرهەمی ناوخۆ هەرزانترە."

لە کاتێکدا لە هەموو بازاڕەکاندا پێگەی کڕیار و فرۆشیار دیاریکراوە، لە بازاڕی زێڕدا ئەو هاوکێشەیە بەردەوام پێچەوانە دەبێتەوە، چونکە ئەو هاووڵاتییەی ئەمڕۆ کڕیارە، لەوانەیە سبەینێ ببێتە فرۆشیاری زێڕەکە.