کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی دەستیپێکرد

کەمێک لەمەوبەر نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی گەیشتنە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی و ئێستا لە کۆبوونەوەدان.

ئێستا کۆبوونەوەی چوار قۆڵی دەستپێکردووە و لە کۆبوونەوەکەدا، پارتی و یەکێتی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ گەیشتن بە هەڵوێستی یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان بەرامبەر پێشهاتەکانی ئەم دواییەی بەغدا چڕتر دەکرێنەوە. 

هەر ئەمڕۆ شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی ئەمڕۆی سلێمانی بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە یاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادە دەبن. لە بەرامبەردا، بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بە یاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەشداری دەکەن".

هەروەها رایگەیاندووە، پارتی و یەکێتی جەختیان لەوە کردووەتەوە، پێویستە چارەسەری هەموو کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دیالۆگ، پابەندبوون بە فیدراڵیزم و دەستوور بن."