واشنتن ژمارەی سەربازە کوژرا و بریندارەکانی رووسیا لە ئۆکرانیا ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر
سەرچاوەیەک لە کۆنگرێسی ئەمەریکا رایگەیاند، لەوکاتەی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی ساڵی 2022ەوە دەستیپێکردووە، 315 هەزار سەربازی رووسیا لە ئۆکرانیا کوژراون و برینداربوون، واتە دەکاتە نزیکەی لەسەدا 90ـی ژمارەی هێزەکانی رووسیا لە پێش شەڕەکەدا.
ئەو سەرچاوەیە بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگری کە پێشکەشی کۆنگرێس کراوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپای رووسیاش لە کۆی سێ هەزار و 500 تانک، دوو هەزار و 200 تانک و زرێپۆشی لە دەستداوە.
ئاشکراکردنی بەڵگەنامە هەواڵگرییەکە لە کاتێکدایە کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەسەردانێک لە واشنتنە و لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی کۆبووەوە، هەروەها زێلێنسکی هەوڵ دەدات لەوسەردانەیدا کۆنگرێس رازی بکات تاوەکو هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا بەردەوام بێت، چونکە ئەگەری هەیە واشنتن هاوکارییەکانی بۆ کیێڤ رابگرێت و بەردەوام نەبێت.
زێلێنسکی رۆژی سێشەممە لەگەڵ سەرکردەکانی کۆنگرێس کۆبووەوە پێش ئەوەی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆ بێتەوە.
دوایین هەڵسەنگاندنی کوژراو و برینداربوونی هێزەکانی رووسیا، رەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو بە بەراورد بە هەڵسەنگاندنێکی پێشووی ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری "سی ئای ئەی" کە گوتبووی: زیانەکانی رووسیا نزیکەی 15 هەزار کوژراوە و ژمارەی بریندارەکانیش سێ هێندەی کوژراوەکانە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کوژران و برینداربوونی 315 هەزار سەربازی رووسیا یەکسانە بە 87%ی کۆی ژمارەی هێزەکانی رووسیا، چونکە لە پێش شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، ژمارەی هێزەکانی مۆسکۆ 360 هەزار سەرباز بووە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەسەر هەڵسەنگاندنێکی هەواڵگری ئەمەریکاوە نووسیویەتی: "شەڕی ئۆکرانیا بەربەستی 15 ساڵەی لەپێش هەوڵەکانی رووسیا بۆ مۆدێرنکردنی هێزە زەمینیەکانی دروستکردووە".
بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، رووسیا پەنای بۆ ڕێوشوێنی نائاسایی بردووە، وەک دامەزراندنی زیندانیانی ئازادکراو و ناردنیان بۆ بەرە.
مایک جۆنسن، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی کۆمارییەکان دوای دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی لەوە کردەوە، کە پارتەکەی داوای بایدن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی زیادە بۆ کیێڤ بە بڕی 60 ملیار دۆلار پەسەند ناکات، ئەگەر دیموکراتەکان داواکارییەکانیان سەبارەت بە کۆچبەران جێبەجێ نەکەن.