جەهەپە و دەم پارتی جەخت لە بەردەوامی دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەنەوە
K24 – هەولێر:
سەرۆک و هاوسەرۆکانی جەهەپە و دەم پارتی کۆبوونەوە، تەوەری کۆبوونەوەکەشیان هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بوو. هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: دەبێت هەموو پارتێکی دیموکراتی خواستی لەسەر پڕۆژەی ئاشتی و دیالۆگ هەبێت بە ئامانجی نەهێشتنی کێشەکان. لەبەرامبەردا سەرۆکی گشتی جەهەپەش جەختی لە بەردەوامی دیالۆگی نیوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە.
ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی گشتی جەهەپە و شاندەکەی سەردانی ناوەندی گشتی دەم پارتیان لە ئەنقەرە کرد. شاندی جەهەپە لەگەڵ هەریەک لە هاوسەرۆکان تونجەر باکرهان و تولای هاتیمۆگولاری کۆبووەوە.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی لەمبارەیەوە گوتی: کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار بوو، باسمان لە قەیرانی ئابووری و دیموکراسی و پرسی کورد و ژینگە و هەموو کێشەکانی تورکیا کرد.
گوتیشی: ئێمە گرنگییەکی زۆر بە دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکان دەدەین، هەروەها داواکارین لە لەلایەنە سیاسییەکان کە بە گفتوگۆ و کۆبوونەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، ئۆزگور ئۆزێل سەرۆکی گشتی جەهەپە، دەڵێت: دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکان لەپێناو لێکتێگەشتن بۆ سەقامگیری ووڵات و ئاشتی کۆمەڵایەتی پێویستە.
باسی لەوەشکرد، لەم دیدارەدا باسمان لە دوایین پێشهاتەکانی تورکیا و ناوچەکە کرد، هاوکات جەختی لە بەردەوامی دیالۆگی نیوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان.
لەلایەن خۆیەوە، تولای هاتیمۆگولاری هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: دەمانەوێت هەموو لایەنەکان دیالۆگ و لێکتێگەشتنی بە کراوەیی بهێڵنەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تورکیا.
گوتیشی: پێویستە گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەکانی ئاشتی بکرێت و دەیانەوێت ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرقەرار بێت.