ناتانیاهۆ: بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل بۆ دانوستان ناچنە قەتەر
K24 - هەولێر
کەناڵ 13ی ئیسرائیلی راگەیاند، حکومەتی ئیسرائیل سەردانەکەی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد)ی بۆ دەوحە هەڵوەشاندەوە کە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و ئەنجامدانی رێککەوتنی نوێ و ئازادکردنی بارمتەکانە لە غەززە.
کەناڵەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کابینەکەی بینیامین ناتانیاهۆ، گەشتەکەی دەیڤید بارنیای بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری "مۆساد"ی هەڵوەشاندەوە و گوتی: "بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ناچنە قەتەر بۆ دەستپێکردنی دانوستانەکان".
لەلایەکی دیکەوە، بنەماڵەی بەشێک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان توڕەن و داوای وەڵام دەکەن سەبارەت بە گەشتە هەڵوەشێنراوەکە، ئەوان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن: "بێزاربووین لە بێباکی و پشتگوێخستنی خەڵک"، دوابەدوای هەڵوەشانەوەی گەشتەکە بنەماڵەی بارمتەکان داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و وەزیری بەرگری کرد.
بارنیا سەرکردایەتی دانوستانەکانی بارمتەی ئیسرائیل دەکات لەگەڵ ویلیام بێرێنزی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی، ئەمەریکی هەمان شت بۆ ئەمەریکییەکان دەکات
هەروەها لەنێو بارمتەکاندا 8 هاوڵاتی ئەمەریکی هەن و ئەمەریکاش شانبەشانی قەتەر رۆڵی نێوەندگیری بینیوە کە سەرکردایەتی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ حەماس کردووە.
رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات 240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە دهستبهسهر كران.
ئا: لاڤین عومەر