ئەمەریکا و بەریتانیا ژمارەیەک کەسایەتیی نیشتەجێی تورکیا سزادەدەن

ئاڵای ئەمەریکا، بەریتانیا و تورکیا
ئاڵای ئەمەریکا، بەریتانیا و تورکیا

K24 - هەولێر

بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی حەماس، ئەمەریکا و بەریتانیا سزا بەسەر ژمارەیەک کەسایەتیی نیشتەجێی تورکیا دەسەپێنن.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا و بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی حەماس، چوارەم پاکێجی سزایان بەسەر ژمارەیەک گرووپ و کەسایەتیی نیشتەجێی تورکیا سەپاندووە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو کەسانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە، ژمارەیان هەشت کەسە و، "رۆڵیان هەبووە لە نوێنەرایەتیکردنی حەماس لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆی".

ئەمە لەکاتێکدایە، لەحەوتی ئۆکتۆبەرەوە ئەمەریکا و بەریتانیا سێ پاکێجی سزایان بەسەر بەرپرسانی حەماسدا سەپاندووە، سامانی بەشێکیشیان لەبانکەکانی دەرەوە بلۆک کراوە.

رۆژی 07ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل. لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش برینداربوون. هەر لەو رۆژەدا،  240 هاووڵاتیی کە لە ئیسرائیل بوون، وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، زیاتر لە 18 هەزار هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.