لە دهۆک 100 دۆنم زەوی بە نەمام داچێندرا

K24 - هەولێر
لە قەزای سێمێلی سەر بە دهۆک 100 دۆنم زەی بە نەمام داچێندرا. پارێزگاری دهۆک دەڵێت، پڕۆسەی چاندنی نەمام بەردەوام دەبێت.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 14-12-2023، لەژێر چاودێریی عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی هاوکاری و پێشخستنی ئابووریی ئەڵمانیا (BMZ)؛ دەیان هەزار نەمام لەسەر سەد دۆنم زەوی لە نزیک ناوچەی پیشەسازی کواشێ، لە قەزای سێمێلی سەر بە دهۆک چێندران.
پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا سوپاسی وەزارەتی هاوکاری و پێشخستنی ئابووریی ئەڵمانیا و ئەو لایەنانە کرد کە هاوکاربوون لە سەرخستنی پڕۆژەکە و گوتی، "لە نێو شاری دهۆکیش 100 دۆنم زەوی دیکە بە نەمام دادەچێنین و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت".
عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەش کرد، "ژمارەیەک هاووڵاتیی دهۆک ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە ژمارەیەک دۆنم زەوی بە چاندنی نەمام سەوز بکەن. داوا لە هاووڵاتییان دەکەین هاوکاربن لەگەڵمان و چاودێریی نەمامەکان بکەن تا ئەو کاتەی گەورە دەبن و زیانیان پێ نەگات".
ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، لە رێوڕەسمێکدا و بە ئامادەبوونی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ زیاتر لە سێ هەزار نەمام لەسەر رووبەری 100 دۆنم زەوی، لە پارکی "ئالووکا"ـی ئەو شارە چێندران.






