چەند هێرشکارێکی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەستگیرکران

یەحیا رەسوڵ - گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق
یەحیا رەسوڵ - گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق

K24 - هەولێر

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لەهێرشەکەی 7ـی کانوونی یەکەمی 2023 بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق و بارەگای دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و بەشێک لە باڵەخانە حکومییەکان، هێرشێکردنە بۆ سەر ئاسایش و سەروەری عێراق.

یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو مەترسییە جددییانەی سەر ئاسایش و سەقامگیری وڵات ئەم جۆرە هێرشانە تەحەمول ناکرێت، ئەو هێرشانە زیان بە ناوبانگی عێراق دەگەیێنێت، هەروەها وڵات دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە وەک وڵاتێکی خاوەن سەروەری توانای جێبەجێکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان و دەستەبەرکردنی سەلامەتی هاووڵاتیان نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان هەیە یاخود نا.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەزگا ئەمنییەکان لەژێر رێنمایی راستەوخۆی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شیاع سوودانی. دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کرد بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و گەیاندنیان بە دادگا.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان جەختی کردەوە، دەزگا ئەمنییەکانمان توانیان، دوای هەوڵێکی چڕوپڕی تەکنیکی و هەواڵگری، هێرشکارەکان دەستنیشان بکەن ، وەک زانیارییە سەرەتاییەکان دەریانخست کە بەشێکیان بەداخەوە پەیوەندییان بە بەشێک لە دەزگا ئەمنییەکانەوە هەیە، هەروەها دوای ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری لێکۆڵینەوە، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکردن، ژمارەیەکیان لێ دەستگیرکران. راشیگەیاند، هەوڵەکان تائێستا بەردەوامن بۆ گەیشتن بە هەموو ئەو کەسانەی کە بەشداربوون لەم هێرشەدا.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، رۆژی سێشەممەی رابردوو، سوودانی دڵنیایی دایە بلینکن لە پابەندبوونی عێراق بە پاراستنی نوێنەرایەتییە دیپلۆماتەکان و راوێژکارەکان، هاوکات جەختی لەسەر توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق کردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە بەدواداچوونی ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ سەر نوێنەرایەتییە دیپلۆماتەکان، بەبێ دەستوەردانی هیچ لایەنێکی دەرەکی.

ئەمە لەکاتێکدایە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا زیادیکردووە. بەگوێرەی لێدوانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا تائێستا 89 جار هێرش کراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا.