پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی هێزەکانمان

پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن

K24 – واشنتن:

گوتەبێژی پێنتاگۆن لە وەڵامی پەیمانێری کوردستان24 رایدەگەیەنێت، هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە عێراق دەگرنەبەر، هاوکات سوپاسی هێزەکانی عێراق دەکات بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (14ـی کانوونی یەکەمی 2023) پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی هێزەکانیان.

ئاماژەی بەوەدا، هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە عێراق دەگرنەبەر. گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن"، دەڵێت: سوپاسی هێزەکانی عێراق دەکەین بۆ راگرتنی هێرشەکان بۆسەر هێزەکانمان.

پات رایدەر، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، مافی ئەوەیان هەیە بەرگری لە هێزەکانیان بکەن لە ئەگەری هێرشکردنە سەریان.

رۆژی پێنجشەممە (7ـی کانوونی یەکەمی 2023) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن" لە وەڵامی عیسا حەسەن، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق لەسەر داوای حکومەتی عێراق بووە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، ئەرکی هێزەکانیان لە عێراق رووبەڕووبوونەوەی داعشە.

سابرینا سینگ، باسی لەوەکرد، 78 هێرش کراوەتە سەر بنکەی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا. جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، گوتی: بەهۆی هێرشەکانەوە، 66 سەرباز و کارمەندیان برینداربوونە، بەڵام برینەکانیان سووک بووە و هەموویان گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.

سەرنجی خستە سەر ئەوەش، هێرشەکانی ئەم دواییانەیان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان توند و کاریگەر بوون. گوتیشی: لەکات و شوێنی گونجاو وەڵاممان بۆ هێرشەکان دەبێت.

ئەمەش لەکاتێدایە، رۆژی شەممە (2ـی کانوونی یەکەمی 2023) سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بە کوردستان24ـی راگەیاند: "چەند هێرشێکی مووشەکی کرانە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی شەدادی، لە باشووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان". بە گوێرەی هەمان سەرچاوە بۆ کوردستان24، "هێرشە مووشەکییەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە".

پێشتریش تۆماس سێیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق راگەیاندبوو، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە، گرووپە عێراقییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمان وەستاندووە و هیواخوازین جارێکی دیکە بۆ ئاگربەستی پێشوو لە عێراق بگەڕێینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، په‌یوه‌ندی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت و ئامانجمان بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی به‌رهه‌مدارە.