سێرگی لاڤرۆڤ: هەندێک لە سەرکردەکانی رۆژئاوا دەیانەوێت گفتوگۆ لەبارەی ئۆکرانیاوە بکەین

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، هەندێک لە سەرکردەکانی رۆژئاوا دەیانەوێت گفتوگۆ لەبارەی ئۆکرانیا بکەین.

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ هاوتا بێلا رووسیەکەی سێرگی ئالینیک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەشێک لەسەرکردەکانی رۆژئاوایی چەندین جار ئاماژەیان ناردووە بۆ مۆسکۆ بە پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک بۆ گفتوگۆکردن پرسی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا.

 لاڤرۆڤ لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "من نامەوێت و مافی ئەوەم نییە ناو بهێنم، بەڵام ژمارەیەک سەرکردەی پلە بەرزی زۆر ناسراوی وڵاتانی رۆژئاوا، لە سێ رێگای جیاوازە چەند کەسێکیان ناردووە و دەڵێن، بۆ کۆنەبینەوە و گفتگۆ بکەین لەسەر ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا".

 لاڤرۆڤ داوای لە رۆژئاوا کرد کە هەست بە بنبەستی ئەو شەڕە بکەن، گوتیشی: ئێستا هەڵسەنگاندنی هەندێک لە سیاسەتمەدارە هۆشیارەکانی ناتۆ دەبیستین، دەشڵێت، "درەنگ بگەی باشترە لەوەی هەرگیز نەگەی".

 بە گوتەی لاڤرۆڤ، ئێستا ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا رووبەڕووی دۆزینەوەی پارە بوونەتەوە بۆ پاڵپشتیکردنی کیێڤ، ئاماژەی بەوەشکرد، روونە کە رژێمی زێلێنسکی لەم یارییە شکستی هێناوە، کە دەیویست مێژوو و کولتوورە هاوبەشەکەی لەناو ببات. جەختیشی لەوە کردەوە، مۆسکۆ هەمیشە بە جددی پێشوازی لە تاوتوێکردنی بابەتەکان دەکات.