یەحیا رەسول: هاریکارییەکی باشمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە
K24 – هەولێر
گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هاریکارییەکی باشمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هیواداریشین لە دەنگدانی گشتی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی چڕ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدانەکە بکەن و دەنگ بدەن.
یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە لێدوانێکیدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەر لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە هێزە ئەمینییەکان بەرەو بنکەکانی دەنگدان بەرێککەوتن، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنگ بدەن.
گوتیشی: کۆمسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پێکهێنراوە، دەشڵێت: لەسەرانسەری عێراق هێزە ئەمنییەکان لە ئامادە باشیدان و دابەشی سەر بنکەکانی دەنگدان کراون، بۆ ئەوەی بتوانن پرۆسەکە بپارێزن، هەروەها دوای کۆتایی هاتنی دەنگدان هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ هێزێکی دیکە جێکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن.
لەبارەی هاریکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان گوتی: بێگومان هاریکارییەکی هاوبەشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، چ لەبارەی هەڵبژاردنەوە بێت یان بوارەکانی دیکە.
راشیگەیاند، ئاوەرە و پەنابەرەکان لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا بەشدارییان لە پرۆسەکە کردووە و هاریکارییەکی باشمان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها ئەو پرۆسەیە بەشێوەکی شەفاف بەڕێوەدەچێت، تائێستا هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی رووی نەداوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارین لە دەنگدانی گشتی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی چڕ بەشداری لە پرۆسەی دەنگدانەکە بکەن و دەنگ بدەن.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023، کاتژمێر 07:00، پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 14 پارێزگای عێراق، ناوچە کوردستانییەکان و هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تا کاتژمێر 06:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
زیاتر لە یەک ملیۆن و دوو هەزار و 393 کەس کە خۆیان لە ئاوارە، کارمەندانی کۆمیسیۆن و هێزە ئەمنییەکان دەبیننەوە، بەشداری لە هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن. کۆی ژمارەی دەنگدەرانى عێراق 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەسن و، دەنگدەرانی تایبەت سەدا 6.2ـی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە پێکدەهێنن.