عەبدولباست دەروێش: ئه‌وانه‌ی كارتی ده‌نگدانیان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه سبه‌ی تاوەکو دوای نیوه‌ڕۆ ده‌توانن وه‌ریبگرنه‌وه
"ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی له ده‌نگدانی تایبه‌ت روویاندا، له ده‌نگدانی گشتی رووناده‌ن"

K24 – هەولێر:
له‌باره‌ی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ ده‌نگدانی گشتی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئۆفیسی کەرکووک رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ڵبژاردنی تایبه‌ت به شێوه‌یه‌كی باش ئه‌نجامدرا، زیاتر له 57 هه‌زار كه‌س له ریزی هێزه ئه‌منییه‌كان ده‌نگیاندا. دەشڵێت: "ئه‌وانه‌ی كارتی ده‌نگدانیان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه، سبه‌ی تاوەکو دوای نیوه‌ڕۆ ده‌توانن وه‌ریبگرنه‌وه".
عەبدولباست دەروێش گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئۆفیسی کەرکووک، به كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی له ده‌نگدانی تایبه‌ت روویاندا، له ده‌نگدانی گشتی رووناده‌ن.
باسی له‌وه‌شكرد، ئه‌وانه‌ی له ده‌نگدانی تایبه‌تی نه‌یانتوانی ده‌نگ بده‌ن، ده‌توانن له ده‌نگدانی گشتی ده‌نگ بده‌ن.
گوتیشی: "ئه‌وانه‌ی تا ئێستا نه‌یانتوانیووه كارتی ده‌نگدان وه‌ربگرنه‌وه، ته‌واوی كارته‌كان بۆ ئۆفیسی هه‌ڵبژاردنی كه‌ركووك گوازراونه‌ته‌وه، هاووڵاتییان ده‌توانن سبه‌ی تاكو دوای نیوه‌ڕۆ سه‌ردان بكه‌ن و وه‌ریبگرنه‌وه و ده‌نگی خۆیان له‌هه‌مان رۆژدا بده‌ن.
وابڕیارە سبه‌ی دووشه‌مه 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت، کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.
رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.