ئێنریكی: من و ئێمباپێ ژن و مێردی یەكتر نین بەڵام زۆر لەیەكتر نزیكین

لویز ئێنریكی و كلیان ئێمباپێ
لویز ئێنریكی و كلیان ئێمباپێ

لویز ئێنریكی راهێنەری پاریس سانجێرمان پێش یارییەكەی سبەی لە خولی فەرەنسا ڕەتی دەكاتەوە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ ئێمباپێ هەبێت، دەشڵێت: ئێمە ژن و مێردی یەكتر نین، بەڵام لەگەڵ ئێمباپێ زۆر لەیەكتر نزیكین.
لە گەڕی حەڤدەیەمی خولی پلەیەكی فەرەنسا (لیگ وەن)، یانەی پاریس سانجێرمان لە یاریگەی خۆی لە كاتژمێر 23:00 بە كاتی هەولێر میوانداریی یانەی میتز دەكات، ئەم یارییەش لە كاتێكدایە پاریس دوای هەشت بردنەوەی لەسەریەك لە یاریی رابردوو بەرامبەر لیل تەنیا خاڵێكی بەدەستهێنا بوو، بۆ ئەم یارییە چاویان لە 3 خاڵی یارییەكەیە.
پاریس لە دوایین 12 یاریی بەرامبەر مێتز، هەر هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و دوایینجاریش کە بەرامبەر ئەو یانەیە براوە نەبووە ساڵی 2007 بوو، ئەوکات هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسانبوون.
پاریس سانجێرمان پێش ئەم یارییە، بە کۆکردنەوەی 37 خاڵ و بە جیاوازی پێنج خاڵ، لەگەڵ دووەمی ریزبەندی خولەکە، لە پێشەنگایەتی دێن، لە بەرامبەردا مێتز ئەویش خاوەنی 16 خاڵە و لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی دێت.
لویز ئێنریکێ راهێنەری شازادەکان، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە سەبارەت بە پەیوەندیەکەی لەگەڵ ئێمباپێ لەمشێوەیە لەبارەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێمباپێ وەڵامی رۆژنامەنووسەكانی دایەوە: وەکو هەمیشە من و ئێمباپێ پەیوەندیەکی باشمان لەگەڵ یەکتری هەیە، ئێمە ژن و مێرد نین و دەزگیرانداریش نین، بەڵام پەیوەندیەکی باشمان لەگەڵ یەکتری هەیە و لە یەکەوە زۆر نزیکین. تێناگەم بۆچی بەردەوام ئەم پرسیارەم لێدەکرێت، ئێمە هەر لەسەرەتاوە لەگەڵ هەموو یاریزانەکان پەیوەندیەکی باشمان هەبووە، بە تایبەت لەگەڵ کلیان، ئەو کەسێکە هەمیشە بە پێکەنین و گاڵتەوە قسەمان لەگەڵ دەکات، منیش حەزم لەمجۆرە یاریزانانەیە و هەوڵمداوە بەردەوام لەگەڵ لە پەیوەندیدابم. ئەمجۆرە پەیوەندییەی کە باسم کرد، تەنها لەگەڵ ئێمباپێ نییە، بەڵکو لەگەڵ هەموو یاریزانەکان هەر بەم شێوەیەم.