نەتەوە یەکگرتووەکان: پێشبینی دەکرێت رێژەیەکی زۆر لە منداڵانی غەززە بەهۆی نەخۆشی و نەبوونی ئاوەوە بمرن
K24 - هەولێر
سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسێف" رایگەیاند، منداڵانی تازە ئاوارەبوو لە باشووری کەرتی غەززە بڕێکی زۆر کەمتر ئاو وەردەگرن لەوەی کە پێویستە بۆ مانەوەیان، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زیاتر لە منداڵانی کەرتی غەززە لە رۆژانی داهاتوو، بەهۆی نەبوونی پێداویستی و نەخۆشییەوە بمرن.
رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە، "منداڵانی تازە ئاوارەبوو لە باشووری کەرتی غەززە لە رۆژێکدا تەنها 1.5 بۆ 2 لیتر ئاو وەردەگرن، کە ئەمەش زۆر کەمترە لەو برەی کە پێویستییانە بۆ مانەوە"، روونیشیکردەوە، بەپێی پێوەرەکانی فریاگوزاری مرۆیی کەمترین بڕی ئاوی پێویست لە بارودۆخی نائاساییدا 15 لیترە، بە ئاوی خواردنەوە و شۆردن و چێشت لێنانیشەوە، هەروەها کەمترین بڕی خەمڵێنراویش بۆ مانەوە تەنها 3 لیترە لە رۆژێکدا.
یونسێف ئاماژەی بەوەشدا، کە نیوەی ئاوارەکانی ناوخۆی شاری رەفەح لە باشووری غەززە منداڵن و گوتی: بەدەستهێنانی بڕێکی پێویست ئاوی پاک لە غەززە بابەتی ژیان و مردنە.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە سەدان هەزار کەس ئاوارەی باشووری غەززە بوون، کە نیوەیان منداڵن و گەیشتوونەتە شاری رەفەح، هەروەها زۆر پێویستیان بە خۆراک و ئاو و دەرمان و شوێنی حەوانەوە هەیە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە دۆخەکە بە تایبەتی بۆ منداڵان کارەساتبارە، بەو پێیەی زیاتر تووشی وشکبوونەوەی لەش و سکچوون و نەخۆشی و بەدخۆراکی دەبن.
یونسێف هۆشداریدا لەوەی کە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و پاکوخاوێنی لە غەززە لە لێواری داڕماندان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی بەرفراوان لە ئارادایە، دەشڵێت: "لانی کەم لەسەدا 50ـی دامەزراوەکانی ئاو و پاکوخاوێنی زیانیان بەرکەوتووە"، هەروەها بژاردەکانی پاکوخاوێنی کاریگەری لەسەر ژنان و کچانیش هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.