سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند

K24 – هەولێر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنی سێوی بەرواری باڵای هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوەی وڵات، رایگەیاند: "بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند".
رۆژی پێنجشەممە (21ـی کانوونی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) ڤیدیۆی ئامادەکردن و هەناردەکردنی سێوەی بەرواریی هەرێمی کوردستانی بۆ قەتەر و وڵاتانی کەنداو هاوبەشپێکردووەتەوە و نووسیویەتی: "بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند".
بەڵێنەکەمان بەجێگەیاند. https://t.co/Blm8vZIuJ7
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) December 21, 2023
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، بۆ یەکەمین جار سێوی بەرواریی هەرێمی کوردستان هەناردەی قەتەر و وڵاتانی کەنداو دەکرێت و پابەندی خۆشی دووپاتکردووەتەوە بە هەمەچەشنکردنی ئابووری و دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمە خۆماڵییەکان.
لە درێژەی هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاندانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانیان و هەناردەکردنی بۆ بازاڕەکانی جیهان، دوای هەناردەکردنی هەنار، هەنگوین، پەتاتە و چەندین بەرهەمی دیکەی خۆماڵی، سێوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانیش هەناردەی دەرەوە کرا.
رۆژی چوارشەممە (20ـی کانوونی یەکەمی 2023) بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکەم کاروانی سێوی دەڤەری بەرواری لە هەرێمی کوردستان کە لە پێنج تۆن پێکدێت، هەناردەی وڵاتی قەتەر کرا و پرۆسەکە بەردەوام دەبێت.