کارۆخ خۆشناو: کورد و سووننە باڵانسی حکومەتی عێراقیان راگرتووە

کارۆخ خۆشناو، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزای کاروباری ئەمەریکا
کارۆخ خۆشناو، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزای کاروباری ئەمەریکا

K24 - هەولێر

شرۆڤارێکی سیاسی رایدەگەیەنێت، "ئەمەریکا دەتوانێت رۆڵێکی گەورە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بگێڕێت". دەشڵێت، سوودانی هەوڵدەدات کێشەکان چارەسەربکات، "بەڵام هەموو شتێکی لەدەستدا نییە".

ئەمڕۆ شەممە، 23-12-2023، کارۆخ خۆشناو، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزای کاروباری ئەمەریکا لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا و چەند پرسێکی دیکە؛ میوانی گەشتی هەواڵەکانی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو.  

بە گوتەی خۆشناو، "ئامانجەکانی ئەمەریکا لەنێو عێراقدا بەدینەهاتوون، هەر چەندە خۆی رزگارکەر و دارێژەری عێراقی نوێیە و، رۆڵی سەرەکی هەبوو لە نووسینەوەی دەستوورەکەی لە ساڵی 2005".

ئەمەریکا وەکو ئەوەی ئەو شرۆڤارە سیاسییە باسی کرد، "دەتوانێت وەکو چاودێر و نێوەندگر بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و رێککەوتنەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کاربکات؛ ئەمەریکا دەتوانێت رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا، چونکە دەزانێت هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵی جێبەجێکردوون".

کارۆخ خۆشناو ئاماژەی بەوەش دا، "هەندێک لایەن کە پێکهێنەری حکومەتی ئێستای عێراقن، لەگەڵ ئەوە نین کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەربکرێن. کورد و سووننە لە دەسەڵاتی ئێستای شیعە نیگەرانن و ئەگەر لەنێو حکومەتدا نەمێنن، کابینەی ئێستای سوودانی دەڕوخێت".

بە گوتەی ئەو شارەزایەی کاروباری ئەمەریکا، "بەشێک لە لایەنە شیعییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو جینۆساییدە ئابوورییەن کە ئێستا لە دژی گەلی کوردستان دەکرێت. ئەگەر ئەم سیاسەتە لە دژی گەلی کورد بەردەوام بێت، عێراق بەرەو شکست دەڕوات و، حکومرانی شیعە بەرەو روخان دەچێت".

لەبارەی رۆڵی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، خۆشناو گوتی، "سوودانی کارەکتەرێکی سیاسی نەرمونیان و سەنگینە. هەوڵدەدات کێشەکان چارەسەربکات؛ ڕاستە سەرۆکوەزیرانە، بەڵام هەموو شتێک لەدەست ئەویشدا نییە".

 

Fly Erbil Advertisment