دژەتیرۆری کوردستان: هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر
K24 - هەولێر:
دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، هێرشێکی درۆنی کراوەتە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و بەگوێرەی زانیارییەکان هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
رۆژی دووشەممە (25ـی کانوونی یەکەمی 2023) دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 25ی کانوونی یەکەمی 2023، کاتژمێر 16:03، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن.
ئەمەش دەبێتە دووەم هێرشی درۆنی لەم مانگەدا لە هەولێر دوای ئەوەی دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند: رۆژی هەینی (8ـی کانوونی یەکەمی 2023) کاتژمێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتەوە.