نەخۆشخانەی نانەکەلی: مانگی رابردوو زیاتر لە 57 هەزار پشکنین بۆ سەردانیکاران ئەنجامدراوە
نەخۆشخانەی نانەکەلی تایبەت بە نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە، لە راگەیەندراوێکدا ئاماری کار و چالاکییە پزیشکییەکانی خۆی بۆ مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ خستەڕوو، تێیدا خزمەتگوزاری بە رێژەیەکی بەرچاو پێشکەش بە نەخۆشان کراوە و بە هەزاران کەس سەردانی ناوەندەکەیان کردووە.
دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە، لە ماوەی ئەو مانگەدا نەخۆشخانەکە توانیویەتی 57 هەزار و 671 پشکنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر بکات، هاوکات 9 هەزار و 271 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە بۆ مەبەستی رێنمایی پزیشکی و وەرگرتنی چارەسەر.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، 3 هەزار و 402 حاڵەتی ئامادەکردنی چارەسەری کیمیایی بۆ تووشبووان بەڕێوەچوو و لە بەشی سۆناریشدا 446 پشکنین بۆ نەخۆشان کراوە، لەگەڵ کردنەوەی 192 دۆسیەی نوێ بۆ نەخۆشانی تازە.
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی تیشک و پشکنینی پێشکەوتووش، نەخۆشخانەکە 179 حاڵەتی سی تی سکان، 161 پشکنینی تیشک (X-Ray )، 66 مامۆگرافی، 45 پشکنینی ئیکۆی دڵ، 45 پشکنینی دیکسا سکان (DEXA ) و 26 حاڵەتی تیشکی کارای، تۆمارکردووە.
نەخۆشخانەی نانەکەلی یەکێکە لە ناوەندە هەرە گرنگ و مرۆییەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامە لە پێشکەشکردنی چارەسەر و خزمەتگوزاری پزیشکی بە نەخۆشانی شێرپەنجە و خوێن، ئەمەش رۆڵێکی گەورە لە کەمکردنەوەی باری قورسی نەخۆشییەکان لەسەر هاووڵاتییان دەگێڕێت.