روبیۆ: ئیسرائیل چیتر پێویستی بە پشتیوانیی دارایی سەربازیی واشنتن نییە
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە پاریس، چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و دۆخی ناوخۆی ئیدارەی ئەمەریکای خستەڕوو و هۆشداریی توندی بە دادگای لاهای دا.
دووشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەواناندا سەبارەت بە هەڵوێستی واشنتن بەرامبەر دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC)، روبیۆ بە توندی رەخنەی لە هەنگاوەکانی دادگاکە گرت و رایگەیاند؛ ئەم دادگایە هەوڵ دەدات دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو وڵات و کەسانەدا بسەپێنێت کە ئەندامی پەیماننامەکە نین وەک ئەمەریکا و ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دا کە ئەگەر دادگاکە پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانیدا نەکات، واشنتن دەتوانێت زیانێکی گەورە لە دامەزراوەکە بدات.
سەبارەت بە پشتیوانییە سەربازی و داراییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، مارکۆ روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل لە رووی ئابوورییەوە پێگەیشتووە و گەیشتووەتە ئاستێک دەتوانێت خۆی چەک بکڕێت و چیتر پێویستی بەوە نییە واشنتن لە رووی داراییەوە پشتیوانیی بکات، ئەمەش خواستی خودی ئیسرائیلییەکانیشە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەرگری لە پێت هێگسێت، وەزیری جەنگ وڵاتەکەی کرد بەرامبەر ئەو هەوڵانەی لە کۆنگرێسەوە بۆ لێپرسینەوە لێی دەدرێن و گوتی: ئەو کارێکی زۆر باش و دڵسۆزانە دەکات، زۆر بە پەرۆشەوە ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات و بەتەواوی متمانەم پێیەتی.
روبیۆ هەروەها سەرنجی خستە سەر پرسی داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا و جەختی کردەوە کە بەپێی دەستوور، سەرۆکی وڵات بڕیاردەری سەرەکییە لە دیاریکردنی ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەدا، هەرچەندە کۆنگرێسیش رۆڵی چاودێری و تەرخانکردنی بودجەی هەیە.
کاتێک پەیامنێرێک ویستی پرسیار لەبارەی لێدوانەکانی پێشووی سەبارەت بە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و کێبڕکێی داهاتووی سەرۆکایەتی بکات، روبیۆ قسەکانی پێ بڕی و گوتی: نازانم بۆچی کاتی خۆتان بەفیڕۆ دەدەن، من بە هیچ جۆرێک لەبارەی ساڵی 2028ەوە نادوێم و بە هیچ شێوازێکیش قسەی لەسەر ناکەم؛ سوپاس بۆ ئێوە.
کاتێک رۆژنامەنووسەکە لێی پرسی بۆچی چەند مانگێک لەمەوبەر ئامادە بوو قسەی لەسەر بکات بەڵام ئەمڕۆ نا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامدا گوتی: چونکە ئەو ماف و هەڵبژاردنەم هەیە؛ هەندێک بابەت هەن کە خەڵک دەیانەوێت بزانن، بەڵام من چیتر قسەیان لەسەر ناکەم.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، رەخنەی توندی لە هەڵسوکەوت و کردەوە تێکدەرانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت و سوپای پاسدارانی بە سەرچاوەی ناسەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا ناوبرد.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دەستوەردان و کردەوە تێکدەرانەکانی سوپای پاسداران (IRGC)، رایگەیاند: "کردەوە تێکدەرانەکانی ئێران جێگەی سەرسوڕمان نین، سوپای پاسداران گرووپێکی بەدکارن و لە ساڵی 1979ەوە بەردەوامن لە ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی، تێکدەرانە و بەئامانجگرتنی کەشتییە بارهەڵگر و بازرگانییەکان لە سەرتاسەری جیهاندا، هەر لەبەر ئەمەشە کە ئێمە خستووماننەتە لیستی تیرۆر و سزای توندترینمان بەسەردا سەپاندوون".
روبیۆ جیاکارییەکی روونی لە نێوان هاووڵاتییانی ئێران و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە کرد و گوتی: "لە کاتی پرۆسەی دەستنیشانکردنم وەک وەزیری دەرەوەش لە کۆنگرێس ئەمەم دووپات کردەوە؛ خەڵکی ئێران گەلێکی زۆر مەزن، بەڕێز و باشن، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە ئەم میللەتە مەزنە لەلایەن دەسەڵاتێکی خراپ بەڕێوە دەبرێن کە دەستیان بەسەر وڵاتەکەدا گرتووە".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە کە واشنتن لە نزیکەوە چاودێریی جموجۆڵەکانی تاران و هەڕەشەکانی سوپای پاسداران دەکات و رێگە بە هیچ هەنگاوێکی تێکدەرانە نادات کە ئاسایشی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندیی هاوپەیمانەکانی بخاتە مەترسییەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی بارودۆخی وڵاتی هایتی و گرنگیی ئارامی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دیموکراسی، روبیۆ سەرنجی خستە سەر دۆخی ئۆکرانیا و رایگەیاند؛ سەقامگیری مەرجی سەرەکیی دەنگدانە، هەروەک چۆن ئۆکرانیاش بەهۆی کەوتنە نێو جەنگێکی قورسەوە ماوەیەکی درێژە نەیتوانیوە هەڵبژاردن ئەنجام بدات، تا رەوشی هایتیش ئارام نەکرێتەوە و دەستی چەتەکان کورت نەکرێتەوە، پرۆسەی سیاسی پێش ناکەوێت.