ئەحمەد هۆشیار بۆ کوردستان24: گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاسایین

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە هێرشە درۆنییەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ هیچ زیانێک بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نەکەوتووە و هیچ کاریگەری لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان دروستنەکردووە.

رۆژی دووشەممە (25ـی کانوونی یەکەمی 2023) ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاسایین و نەوەستاون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 25ی کانوونی یەکەمی 2023، کاتژمێر 16:03، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

هەروەها رۆژی دووشەممە (25ـی کانوونی یەکەمی 2023) یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق هێرشە درۆنییەکەی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری ئیدانەکرد و بە کارێکی تیرۆریستی وەسفکرد و رایگەیاند: ئەم کردەوە تاوانکارییانە زیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی دەگەیەنێت.