یەحیا رەسوول: ئیدانەی هێرشەکەی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەکەین و کارێکی تیرۆریستانەیە

یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق
یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا کردەوەکە بە تیرۆریستی وەسف دەکات و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەم کردەوە تاوانکارییانە زیان بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی دەگەیەنێت.

رۆژی دووشەممە (25ـی کانوونی یەکەمی 2023) یەحیا رەسوول، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، گرووپە لە یاسا دەرچووەکان هەوڵ دەدەن دەستدرێژی بکەنە سەر بنکە عێراقییەکان لە بەشێکیاندا هەندێک راوێژکار و هێزەکان هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدایە و ئەو کارە تاوانکارییانە ئامانجیان زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی.

یەحیا رەسوول ئاماژەی بەوەشکردووە، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری کردووەتە ئامانج کە ئێمە ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئیدانە دەکەین وهێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان کاردەکەن بۆ گەیشتن بە بکەرانی ئەو کردەوەیە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە 25ی کانوونی یەکەمی 2023، کاتژمێر 16:03، لە ڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.

هەروەها ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاسایین و نەوەستاون و لە هێرشەکەشدا، هیچ زیانێک بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نەکەوتووە و کاریگەری لەسەر گەشتە ئاسمانییەکان دروستنەکردووە.