دەم پارتی داوای چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە پەرلەمانی تورکیا دەکات
ئەردۆغان: تا تەمەن رێگەی پێبدات رووبەڕووی پەکەکە دەبینەوە
K24 - هەولێر:
شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە بەردەوامە و تا دێت زیانی گیانی زیاتر دەبێت. دەم پارتی داوای چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەرێگەی پەرلەمانەوە دەکات و ئەردۆغانیش هەڕەشەی بەردەوامی شەڕ لە دژی پەکەکە و هاوسۆزەکانی دەکات.
فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، دوای پێکدادانە سەربازییەکانی سوپای تورکیا و پەکەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکات.
دەم پارتی نیگەرانی لە زیانە گیانییەکانی ئەم دواییە دەربڕیوە و رایگەیاندووە: کوژرانی گەنجان لە ئەنجامی ئەو کەشە پڕ لە پێکدادانەیە کە تا ئێستا بەردەوامە و هۆکاری ئەم رووداوانە بۆ چارەسەرنەکردنی کێشەی 100 ساڵەی کورد دەگەڕێتەوە.
فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان لە پەرلەمانی تورکیا داوایکردووە، پەرلەمانی تورکیا بۆ پرسی چارەسەرکردنی کێشەی کورد بەرپرسیارییەتی هەڵبگرێت.
لەلایەن خۆیەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەک ئاماژەیەک بۆ داواکەی دەم پارتی گوتی، تا تەمەن رێگەی پێبدات، رووبەڕووی پەکەکە دەبێتەوە و داڕشتنی سیاسەتی تورکیا لە رێگەی تیرۆر لە رابردوو ماوە.
ئەردۆغان گوتیشی: "رێگە نادەین تیرۆریستانی قەندیل و سووریا و ئەوانەی رێشمەی ئەو خائینانەیان بەستووە بەلارێماندا ببەن. گۆڕەپانەکە بۆ ئەو کەسانە بەجێناهێڵین کە بۆ چەند دەنگێک دەبن بە کۆیلەی بەر دەرگای خائینەکان. پلانەکانی دابەشکردنی گەلەکەمان لە رێگەی تیرۆر ماوەی بەسەرچووە. رێگە نادەین برایەتی 85 ملیۆن بکەنە ئامانج. نەخشاندنی سیاسەتی تورکیا لە رێگەی تیرۆر لە رابردوو ماوە، تا تەمەن رێگە بدات و پاڵپشتی گەلەکەمان لەپشت بێت، رووبەڕوویان دەبینەوە".
هەروەها سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بەوەکرد، بچوککردنەوەی ئۆپراسیۆنەکان لە راگەیەندراوێکی هاوبەش خیانەتی نیشتمانییە و پێویستە وەزیری بەرگری بێتە پەرلەمان و وردەکارییەکان ئاشکرابکات.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، لە پرسەی سەربازێکی شەڕی چڕنوک قوفڵ گروپێک هەوڵی دەمار گرتنیان داوە و ویستوویانە پرسەکە بەلارێدا ببەن. گوتیشی، پارتەکەیان راگەیەندراوە هاوبەشەکەی بڵاونەکردووەتەوە چونکە دژی پێدانی شەرعیەتن بە هەڵەکانی دەسەڵات.
ئۆزەل گوتی: "پارتەکەمان راگەیەندراوی هاوبەشی بڵاونەکردووەتەوە چونکە دژی پێدانی شەرعیەتە بە هەڵەکانی دەسەڵات. دوێنێ بەر لە رووداوەکە هەواڵی ئەوەمان بۆ هات کە گرووپێک هەوڵی دەمارگرتن دەدەن. جارێکی دیکە دەپرسین، کەی وەزیری بەرگری دێتە پەرلەمان و زانیاریمان پێدەدات؟ لێرەوە دەمانەوێت بپرسین، ئامانجی ئۆپراسیۆنەکە چییە؟ ئایا ئامانجەکەی پێکاوە یان نا؟ ئەگەر ئامانجەکان پێکرابن بۆچی لەوێین؟ باس لە کێشەی لۆجیستیکی دەکرێت، ئەو کێشانە چین؟ کۆکردنەوەی هەموو ئەو کێشانە لە راگەیەندراوێک هەڵخەتاندنی خەڵکە و هیچی دیکە نییە و خیانەتی نیشتمانییە".
ئەم هەڵوێستانەش دوای ئەوە هات کە وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ کوژرانی 12 سەربازی تورکیا لە ناوچەی چڕنوک قوفڵ، تا ئێستا 56 چەکداری پەکەکەیان کوشتووە، لەبەرامبەردا پەکەکە دەڵێت، نزیکەی 100 سەربازیان کوشتووە.