ئەمەریکا چەند پێگەیەکی حزبوڵڵای لە عێراق بۆردومان کرد

K24 – هەولێر
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، لە وەڵامی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا، چەند بنکەیەکی حزبوڵڵایان لەناو خاکی عێراق کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردووە: بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان پێگەکانی حزبوڵڵا وێرانکراون و چەند چەکدارێکیشیان کوژراون، هیچ زیانێکیش بەر هاووڵاتییانی سڤیل نەکەوتووە.
جەخت لەوەشدەکاتەوە، ئەمەریکا هەڵسەنگاندن بۆ بەردەوامیدان بە وەڵامی لەو شێوەیە دەکات و هێزەکانی خۆی دەپارێزێت.
هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا بڵاویشیکردەوە: ئێوارەی دوێنێ 25/12/2023، چەکدارانی حزبوڵڵا هێرشیانکردووەتەوە سەر پێگەکانی هاوپەیمانانیان لە هەولێر کە بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
لەلایەکی دیکە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاندووە، هێرشەکانیان لە وەڵامی ئەو هێرشانەیە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکان کراونەتە سەر هێزەکانیان.
لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لەپۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) رایگەیاند: بە فەرمانی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و لەوەڵامی هێرش بۆ سەر بنکەی هاوپەیمانان لە هەولێر، هێزەکانیان سێ بنکەی حزبوڵڵای عێراقییان کردووەتە ئامانج.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە (25ـی کانوونی یەکەمی 2023) دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
دوای هێرشەکەی سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە فڕۆکەخانەی هەولێر یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، گرووپە لە یاسا دەرچووەکان هەوڵ دەدەن دەستدرێژی بکەنە سەر بنکە عێراقییەکان لە بەشێکیاندا هەندێک راوێژکار و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێدایە، ئەو کارە تاوانکارییانە ئامانجیان زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی.
یەحیا رەسوڵ ئاماژەی بەوەشکردووە، "درۆنێکی بۆمبڕێژکراو نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێری کردووەتە ئامانج، کە ئێمە ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئیدانە دەکەین وهێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان کاردەکەن بۆ گەیشتن بە بکەرانی ئەو کردەوەیە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەیەندرێن".