نەتەوە یەکگرتووەکان رێکخەرێکی بۆ سەرپەرشتیکردنی ناردنی هاوکارییەکان و ئاوەدانکردنەوەی غەززە دانا
K24 - هەولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان رێکخەرێکی بۆ سەرپەرشتیکردنی ناردنی فریاگوزاری مرۆیی بۆ غەززە راسپاردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، کە رۆژی هەینی بۆ زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان دەرچووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سیگرید کاگی هۆڵەندی دەبێتە ڕێکخەری کاروباری مرۆیی و ئاوەدانکردنەوە لە غەززە، و لە 8ـی یەنایەر دەست بە کارەکانی دەکات، ئەمەش دوای دەرکردنی بڕیارنامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە داوای زیادکردنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە دەکات، کە لە ئەنجامدا تووشی قەیرانێکی سەخت بووە، بەهۆی بەردەوامی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەشکرد، سکرتێری گشتیی رێکخراوەکە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، "دەستبەکاربوونی سیگرید کاگی لە هۆڵەندا راگەیاند، وەک رێکخەری باڵا بۆ کاروباری مرۆیی و ئاوەدانکردنەوە لە غەززە"، دەشڵێت: "ئەو سەرپەرشتی دروستکردنی میکانیزمێکی نێودەوڵەتی دەکات، بۆ خێراکردنی ناردنی فریاگوزاری مرۆیی بۆ غەززە لە رێگەی ئەو وڵاتانەوە کە لایەنێکی ململانێکان نین".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ماتیۆ میلەر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "واشنتن پێشوازی لە دامەزراندنی کاگ دەکات و هیوادارە هەماهەنگی لەبارەی هەوڵەکان بۆ خێراکردن و ئاسانکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییە گرنگەکان بۆ مەدەنییە فەڵەستینییەکان لە غەززە هەبێت".
دەستبەکاربوونی کاگ لە کاتێکدایە کە خەڵکی غەززە رووبەڕووی بارودۆخێکی نائاسایی مرۆیی خراپتر بوونەتەوە، چونکە بەردەوامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل رێگری دەکات لە گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ کەرتی غەززە.