تۆم بەڕاک: یەکگرتوویی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئەمریکا گرنگە

تۆم بەڕاک
تۆم بەڕاک

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، رایگەیاند، هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر جێگەی قبووڵکردن نین، هاوکات دووپاتی کردەوە ئەمریکا یەکڕیزی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەوێت و بەبێ دەستوەردان هانی لایەنەکان بۆ چارەسەری کێشەکان دەدات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تشرینی دووەمی 2026، لە میانی بەڕێوەچوونی هەشتەمین کۆنفرانسی ساڵانەی عێراق لە پەیمانگەی "چاتام هاوس" لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق و سووریا، لە پانێلێکدا، باسی لە داهاتووی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدای کرد.

لەبارەی هەرێمی کوردستان، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە، ئەمریکا یەکڕیزی و یەکگرتوویی لە هەرێمی کوردستان دەوێت، هەروەها لەگەڵ یەکڕیزی و یەکگرتووییدایە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق. لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوە دا، ئەوان دەستوەردان ناکەن، بەڵام دەتوانن هانی لایەنەکان بدەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان.

تۆم بەڕاک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، هێرشەکەی چەند رۆژی رابردووی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان جێگەی قبووڵکردن نییە.

ئەوەشی خستەڕوو، ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ کۆنگرێسی ئەمریکا و ئاڵۆزییەکانی دەستوور و سیستەمی فیدراڵی روون بکاتەوە کاتێک کێشەی ناوخۆیی هەیە. بۆیە هۆشداریی دا، ناتوانرێت چاوەڕوانی سەدان ملیار دۆلار وەبەرهێنان بکرێت ئەگەر بەرپرسە سیاسییەکان کێشەکانیان چارەسەر نەکەن. 

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی بەغدا و تارانیش، بەرپرسە ئەمریکییەکە رایگەیاند، "ئەمریکا چاوەڕوانی ئەوە لە عێراق ناکات ببێتە دوژمنی ئێران، بەڵکو دەبێت وەک پردێک کاربکات، چونکە 1500 کیلۆمەتر سنووری هاوبەش و پەیوەندیی ئایینی و مێژوویی لە نێوانیاندا هەیە". سەبارەت بە گەرووی هورمزیش، گوتی، "پێویستە عێراق لە رێگەی بۆریی نەوتەوە بە تورکیا و سووریا ببەسترێتەوە، تاوەکو رێڕۆی جێگرەوە بۆ هەناردەکردنی وزە دابین بکرێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نێردەکەی سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەمریکا لە رابردوودا میوانێکی خراپ بووە لە عێراق، بەڵام ئێستا دەیەوێت تەنیا یارمەتیدەر بێت و عێراق بۆ عێراقییەکان بێت. هەروەها رەخنەی تووندی لە سیستەمی ئیداریی وڵاتەکە گرت و باسی لەوە کرد، گەورەترین رێگر لەبەردەم پێشکەوتندا وڵاتانی دیکە نین، بەڵکوو خودی وڵاتەکەیە، بۆیە پێویستیان بە سەرکردایەتییەکی هەمەگیر و سەروەریی یاسا هەیە.