وەزیری دادی تورکیا: ئۆتۆنۆمی لە تورکیا مایەی قبووڵکردن نییە
K24 - هەولێر
پرسی راگەیاندنی ئۆتۆنۆمی جارێکی دیکە لە تورکیا بووەتە رۆژەڤ و پارتێکی کوردی دەڵێت، "پێویستە ئەم پرسە تاوتوێ بکرێت". لەبەرامبەردا وەزیری دادی تورکیا رایدەگەیەنێت، "ئەم بابەتە مایەی قبوڵکردن نییە".
پارتێکی کوردی لە پەرلەمان داوای ئۆتۆنۆمی کرد و وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، "ئەم پرسە مایەی قبووڵکردن نییە، چونکە گۆڕینی دەستوور شتێکی مەحاڵە".
زەکەریا یاپیجی ئۆغڵو، سەرۆکی هوداپار لە دانیشتنەکانی تایبەت بە بودجەی 2024ـی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، پێویستە قسە لەسەر راگەیاندنی ئۆتۆنۆمی یاخود هێنانی سیستەمی ویلایەت لە تورکیا بکرێت.
سەرۆکی هوداپار دەڵێت، "سەرەڕای سەرجەم خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکان، پێویستە بتوانین سیستەمی ویلایەت، فیدراسیۆن و ئۆتۆنۆمی لە تورکیا بەشێوەیەکی ئازادانە تاوتوێ بکەین. ئەگەر ئەو شتەی دەیخوێننەوە لێی تێناگەن، پێویستە لێرە دانەنیشن. ئەگەر دەیخوێننەوە و لێی تێدەگەن و بە ئەنقەست قسەکان بەلارێدا دەبەن، هیچ قسەیەکم نییە بۆتان".
لەبەرامبەردا یەڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، "تاوتوێکردنی فیدراسیۆن یاخود پرسی ئۆتۆنۆمی جێگەی قبوڵکردن نییە، یەکپارچەیی خاکی تورکیا بە یاسا رێکخراوە و گۆڕینیشی مەحاڵە".
پێشهاتەکانی تایبەت بە ئۆتۆنۆمی لە تورکیا دوای ئەوە دێت، شەڕ و پێکدادانەکانی سوپای تورکیا و پەکەکە لە 23ـی ئەم مانگەوە گەیشتووەتە لووتکە و دەم پارتیش داوا دەکات، کێشەی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت.