ئیحسان شەممەری: ئەمەریکا ژمارەی هێرشەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا زیاد دەکات

ئینتیفاز قه‌نبه‌ر: سیاسەتی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستی هێناوە

ئیحسان شەممەری، سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق و ئینتیفاز قه‌نبه‌ر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پاراستنی كورد له‌ واشنتن
ئیحسان شەممەری، سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق و ئینتیفاز قه‌نبه‌ر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پاراستنی كورد له‌ واشنتن

K24 – هەولێر:

سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، رایدەگەیەنێت؛ سوودانی ناتوانێت لە کاتێکی وەک ئێستادا هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا لە عێراق رابگرێت. گوتیشی: ئەمەریکا ژمارەی هێرشەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا زیاد دەکات.

ئیحسان شەممەری، سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، ئەمەریکا نایەوێت گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە شێوەیەکی بەرفراوان بە ئامانج بگرێت، چونکە ئەمەریکا لە کاتێکی وەک ئێستادا نایەوێت شەڕ رابگەیەنێت.

سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، دەڵێت: لاوازی ئەمەریکا لە ناوچەکە خزمەتی عێراق و خزمەتی هاوپەیمانێتی ستراتیژی لە ناوچەکە ناکات، هەروەها لە بەرژەوەندی ئەمەریکادا نییە کە لە ناوچەکە لاواز دەربکەوێت، لە بەرژەوەندی عێراقیش نییە چونکە عێراق پێویستی بە ئەمەریکا هەیە لە ناوچەکە.

ئیحسان شەممەری، راشیگەیاند، مانەوەی ئەمەریکا بە لاوازی لە ناوچەکە وادەکات دەسەڵاتەکانی ئێران بەرفراوانتر بێت و هەژموونی خۆشی زیاتر بسەپێنێت لە ناوچەکە.

سەرۆکی سەنتەری هزری سیاسی لە عێراق، لەبارەی شەڕی غەززە ئاماژەی بەوەدا، حکومەتی عێراق نایەوێت ببێتە بەشێک لە شەڕی غەززە.

لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش، ئیحسان شەممەری گوتی: سەرۆکوەزیرانی عێراق هەمیشە گوتویەتی ئەو گرووپانە لە یاسا دەرچوونە و سەرکۆنەی هێرشەکانیانی کردووە بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

گوتیشی: سەختە لە کاتێکی وەک ئێستادا سەرۆکوەزیرانی عێراق بتوانێت هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچەکە رابگرێت، گفتوگۆ هەیە لە نێوانیان بەڵام سەرجەم هەوڵەکانی سوودانی شکشتی هێناوە لە راگرتنی هێرشەکان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمەریکا ژمارەی هێرشەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا زیاد دەکات و هەروەها هێرشەکانی داهاتووشی بێ وێنەتر دەبن.

ئینتیفاز قه‌نبه‌ر: سیاسەتی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شکستی هێناوە

ئینتیفاز قه‌نبه‌ر، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پاراستنی كورد له‌ واشنتن، دەڵێت: ئیدارەی بایدن دەیویست بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024 بەو شێوەیە بانگەشە بکات کە بڵێت لەسەردەمی حکومی من رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئارامتر بوو، ئەمەش بە دەستبەرداربوون لەسەر چەند شتێک بووە بۆسەر ئێران، لەوانەش هێرشنەکردنە سەر گرووپە چەکدارەکانی ئێران و پشتگیریکردنی  چوارچێوەی هەماهەنگی کە لە ئێرانەوە نزیکن، هەروەها رێگەیان بە ئێران داوە نەوتیش بەرهەم بهێنێت.

گوتیشی: بۆیە دوای رووداوەکەی 7ـی ئۆکتۆبەرەوە بێهیواییەکی زۆر گەورە هەبوو لەنێو کۆشکی سپی بەهۆی شکستهێنانی ئەم سیاسەتەی بایدن.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی پاراستنی كورد له‌ واشنتن، ئاماژەی بەوەدا، لە ئیدارەی بایدن سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا دوودڵییەک هەیە، لەبەر ئەوەی تووشی سیاسەتی نەرمی بوونە لەگەڵ ئێران بە نەرمی مامەڵەیان کردووە و ناتوانن هەڵوێستێکی توند بنوێنن، کە ئەمەش شکستێکی گەورەیە بۆ ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا، بۆیە شکشتیان هێناوە لە ئیدارەدانی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئینتیفاز قه‌نبه‌ر، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، سوودانی لە ئێستادا لە بارودۆخێکدایە کە کەس هیوا ناخوازێت لەو بارودۆخەی ئەودا بێت، چونکە ناتوانێت هێرشی گرووپە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکات.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی پاراستنی كورد له‌ واشنتن، روونیکردەوە، ئەمەریکا نایەوێت شەڕ لە ناوچەکە فراوانتر بێتن، کەچی گرووپە چەکدارەکانی ئێران وردە وردە شەڕ لە ناوچەکە فراوانتر دەکەن، لە بەرامبەردا ئەمەریکا هێرشەکانی بۆسەر ئەو گرووپە چەکدارەکان لە عێراق سووریا زیاد دەکات، بەڵام ناتوانێت بە تەواوی کۆنتڕۆڵیان بکات.

ئینتیفاز قه‌نبه‌ر، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، کە ئەمەریکا عێڕاق جێناهێڵێت، بەڵام ئەگەر ترەمپ ببێتەوە سەر حکوم، زۆر بە توندی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رووبەڕووی ئێران دەبێتەوە و کۆتایی بەو نەرمی نواندنەی ئەمەریکا دەهێنێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

Fly Erbil Advertisment