دۆسیەی ئەمنی شاری کەرکووك دەدرێتەوە بە پۆلیسی خۆجێیی

K24 – کەرکووک:
لێژنەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کەرکووکن بۆ چاودێریکردنی توانای پۆلیسی کەرکووك و دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکانی بەڕێوبەرایەتییەکانی پۆلیس، لەپێناو وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی شارەکە لە سوپاوە بۆ پۆلیسی خۆجێیی.
هێشتا دۆسیەی ئەمنی شاری کەرکووک رادەستی پۆلیسی خۆجێیی نەکراوەتەوە، هەرچەندە پێشووتر سەرۆکوەزیرانی عیراق بڕیاریدابوو دۆسیەی ئەمنی کەرکووك بدرێتەوە بە پۆلیس. بەڵام ئێستاش لەهەندێک شوێنی نێو شاردا، سوپا و ھێزە سەربازییەكان ھێشتا جێگیر كراون.
ماوەی هەفتەیەکە لێژنەیەکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کەرکووکن و گفتوگۆی رێکارەکانی وەرگرتنەوەی دۆسیەی ئەمنی دەکەن. لیوا کاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووك رایگەیاند، لێژنەیەک لە بەغداوە هاتووە بۆ دەستنیشانکردنی کەموکوڕییەکان و لەچەند مانگی داهاتوودا ئەو دۆسیەیە وەردەگرینەوە.
لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە، دۆسیەی ئەمنی کەرکووك لەپۆلیس وەرگیراوەتەوە و لەلایەن سوپاوە بەڕێوەدەبرێت، هاووڵاتییانی دانیشتووی شارەکە، بوونی ئۆتۆمبێلی سەربازی سوپا لەنێو گەڕەک و کۆڵانەکاندا، بە دیاردەیەکی ناشارستانی وەسف دەکەن و دەڵێن: "پێویستە بەزووترین کات کۆتای بەو دۆخە بهێندریت".
بەپێی کارنامەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبوو لەماوەیەکی دیاریکراودا، سوپا و هێزە سەربازییەکان لەنێو شارەکان بکشێنەوە و پۆلیسی خۆجێیی لەجێگەیان دابندرێت.