بەهۆی مەترسی لافاو له‌ ژماره‌یه‌ك پارێزگای عێراق پشووی فەرمی راگەیەندرا

K24 - هەولێر

به‌هۆی ناله‌باری كه‌شوهه‌وا و ئه‌گه‌ری دروستبوونی لافاو، له‌ سێ پارێزگای عێراق پرۆسه‌ی خوێندن راگیرا.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28/12/2023، لە پارێزگاكانی ئه‌نبار، دیوانییه‌، بابل و په‌روه‌رده‌ی كه‌رخی یه‌ك و دوو، بەهۆی مەترسی دروستوونی لافاو، وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ ئه‌و شه‌پۆله‌ بارانه‌ی ناوچه‌كانیان ده‌گرێته‌وه‌ و له‌پێناو سه‌لامه‌تی گیانی هاووڵاتیان و قوتابیان، لە ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمی راگەیەندرا.

پێشتر دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاندبوو، شەپۆلێکی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی عێراق دەگرێتەوە، لە هەندێک ناوچە بارانبارینی بە خوڕ دەبێت و ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.