چەند رێکارێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ لە رێگەی خەلیفان - سۆران جێبەجێ دەکرێن
بەڕێوەبەری گشتیی ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ لە رێگەی نێوان خەلیفان و سۆران، چەند رێکارێکی خێرا و تەکنییکیان گرتووەتە بەر، لەوانە کەمکردنەوەی خێرایی رێگەکە و دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەمموزی 2026، دیلان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی ئەندازەی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی رایگەیاند "دوای دووبارەبوونەوەی چەند رووداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆ لە سنووری گەلی عەلی بەگ لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی 2026، وەک وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی هاتوچۆ، پشکنینێکی مەیدانیمان بۆ رێگەکە ئەنجامدا، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری خێرا تاوەکو ئەو کاتەی پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگەکە تەواو دەبێت."
بەڕێوەبەری گشتیی ئەندازەی هاتوچۆ ئاماژەی بەوە کرد، کە پێشنیازی چەند رێکارێکیان کردووە و ئێستا لە قۆناخی جێبەجێکردندان، گرنگترینیان بریتین لە:
1- کەمکردنەوەی خێرایی و کۆنترۆڵکردن: خێرایی رێگەکە لە 80 کیلۆمەترەوە بۆ 70 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا کەمکراوەتەوە، بۆ پابەندکردنی شۆفێرانیش، کامێرای چاودێریی "خاڵ بۆ خاڵ" لە سێ خاڵی سەرەکی لە نێوان دەروازەی خەلیفان تاوەکو دەروازەی سۆران جێگیر کراون.
2- هێما و ئاماژەکان: چەندین شریتی ئاگادارکردنەوە لە پێش پێچەکان بە بۆیەی تایبەت کێشراون، لەگەڵ دانانی هێمای جۆراوجۆری وەک "تێپەڕاندن قەدەخەیە" و دیاریکردنی خێرایی، بۆ هۆشیارکردنەوەی شۆفێران لە شوێنە مەترسیدارەکان.
3- دەستکاریکردنی ئەندازەیی ڕێگەکە: چوار پێچی مەترسیدار کە زۆرترین رووداویان لێ دەبووەوە، فراوان کراون بۆ ئەوەی شۆفێران بە ئاسانی بتوانن پێچ بکەنەوە و کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکانیان لەدەست نەدەن.
4- پارێزبەندی ڕێگەکە: گۆڕانکاری لە بەشێک لە پەرژینە ئاسنینەکان (گاردڕێڵ) کراوە، بەتایبەت لەو شوێنانەی بەرزاییان زۆرە یان پێچی ترسناکن، ئەمەش بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە کاتی هەر لادانێکی کتوپڕی ئۆتۆمبێلەکان.
دیلان عەبدوڵڵا جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوانە وەک چارەسەرێکی خێرا دەبنە هۆی کەمکردنەوەی بەرچاوی روداوەکانی هاتوچۆ لەو ناوچەیەدا.