ناتانیاهۆ بۆ مەمدانی: دێمە نیویۆرک و گوتاریش دەدەم
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێرشی کردە سەر زەهران مەمدانی، سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک و جەختی کردەوە، سوورە لەسەر سەردانەکەی بۆ ئەو شارە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، سەرەڕای ئەوەی مەمدانی رایگەیاندبوو کە پێشوازی لەو سەردانە ناکات.
یەکشەممە 26ـی تەممووزی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا دەچێتە شاری نیویۆرک و لەوێ بە ناوی ئیسرائیلەوە بەشداری کۆبونەوەکان دەکات و گوتارێکیش دەخوێنێتەوە.
ئەم گرژییە دوای ئەوە هات، زەهران مەمدانی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە تاوانباری جەنگ وەسف کرد، لە بەرامبەردا ناتانیاهۆ ممدانیی تۆمەتبار کرد بە هاندانی رق و کینە، دروستکردنی دووبەرەکی و بڵاوکردنەوەی ترس.
ناتانیاهۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز سەبارەت بە مەمدانی گوتی: "ئەو هانی رق و کینە دەدات، لە کاتێکدا وا بڕیارە سەرۆکی شارەوانی بۆ هەموو دانیشتووانی نیویۆرک بێت"، جەختیشی کردەوە، بە بێ گوێدانە ئەو لێدوانانە، بە ناوی ئیسرائیلەوە لەسەر مینبەری نەتەوە یەکگرتووەکان گوتارەکەی پێشکەش دەکات.
سەبارەت بە ئێران، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری توندی دایە تاران لە ئەنجامدانی هەر هێرشێکی راستەوخۆ یان لە رێگەی بریکارەکانییەوە و راشیگەیاند، ئیسرائیل بە هێزێکی وێرانکەر وەڵام دەداتەوە.
ناتانیاهۆ دەربارەی مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئێران گوتی: "ئەمە ئەو کاتە بەدی دێت کە رژێمەکە دەروخێت یان ئەوەندە لاواز دەبێت کە تێبگات ناچارە بەرنامە ئەتۆمییەکەی رابگرێت و رێڕەوەکەی بگۆڕێت."
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە جددی هەوڵی راگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەدات و گوتی: "من بە تەواوی پشتیوانی لێ دەکەم، چونکە بە رێککەوتن بێت یان بێ رێککەوتن، دەبێت ئەو بەرنامە ئەتۆمییە کۆتایی پێ بهێنرێت."